دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

داودئۆغڵو لەناو ئۆپۆزسیۆندا چی بۆ كورد دەكات؟

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، لەم هەڵبژاردنەدا وەكو ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت دەردەكەوێت؛ یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی مێزە ٦قۆڵییەكە، كە لەنێوان شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێك هاتووە. ئایا لەڕووی دەنگەوە، پارتی ئاییندە، كە داودئۆغڵو، سەرۆكیەتی قورسایی هەیە؟

پارتی ئاییندە، لەڕووی هێزی جەماوەرییەوە لاوازە، وەكو ئەوەی دەزگاكانی راپرسی باسی دەكەن، رەنگە دەنگەكانی بگاتە 1%، واتە قورساییی لەڕووی دەنگەوە نییە، تەنانەت لە شاری قۆنیا، كە شوێنی لەدایكبوونیەتی، ئاكەپە زۆرینەیە و پارتی ئاییندە قورساییی نییە.
بەڵام ئەوەی وای كردووە، داودئۆغڵو گرنگی پێ بدرێت و حیسابی پارتێكی گەورەی بۆ بكرێت، قورسایی دەنگی نییە، بەڵكو ئەقڵە سیاسییە گەورەکەیەتی، كە لەڕووی سیاسییەوە هەیەتی، واتە ئەقڵی سیاسیی داودئۆغڵو، بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێستا گرنگە.
داودئۆغڵو، پڕۆفیسۆرە و لە چەندین وڵاتدا وەكو مامۆستای زانكۆ وانەی گوتووەتەوە، ئەو كاتێك بووە سەرۆكوەزیرانی توركیا لەسەر لیستی ئاكەپە، سەركەوتوو بوو لەوەی، توركیای لە ئەوروویا نزیك كردەوە و كەمی مابوو، ڤیزای شنگن لەسەر هاووڵاتی توركیا هەڵبگرێت، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، نەیهێشت پێش بكەوێت و زوو رێگەی لێ گرت و لە پۆستی سەرۆكوەزیران دووری خستەوە، ئەمەش یەكەم وێستگەی ناكۆكیی نێوان ئەو دوو سەرۆكە بوو.
داودئۆغڵو، لەبارەی دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكوەزیران دەڵێت: ”عێزەت نەفس بۆ مرۆڤ گرنگە و نابێ لەدەستی بدەیت. دەمتوانی لە پۆستی سەرۆكوەزیراندا بمێنمەوە، ئەوكات دەبوومە كۆیلەی ئەردۆغان، بەڵام ئەوەم قبوڵ نەكرد و كەسایەتیی خۆمم لە پلە و پۆست پێ گرنگتر بوو.“
وەكو ئەوەی باس دەكرێت، ئەقڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێستای توركیا، داودئۆغڵووە، هەر ئەویشە خاڵی لاوازی ئەردۆغان و پارتەكەی دیاری دەكات، چونكە بۆ ماوەی 15 ساڵ نزیكترین كەسی ئەردۆغان بووە، تەنانەت كاتێك ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2014، بووە سەركۆماری توركیا، داودئۆغڵوی كردە سەرۆكی ئاكەپە و سەرۆكوەزیران.
داودئۆغڵو، پێی وایە دەنگی كورد لە توركیا زۆر گرنگە، هەر دەنگدەری كوردیشە دەبێتە یەكلاكەرەوە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت ببێتە سەركۆماری توركیا.

بۆیە كاتێك لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، كە ئەوكات داودئۆغڵو پارتی دروست نەكردبوو، ئاكەپە لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەدەنا و مێرسین دۆڕا، داودئۆغڵو، لە نامەیەكدا رەخنەی لە ئاكەپە گرت و گوتی، نابێت هاوپەیمانیی لەگەڵ مەهەپەدا ببەستن، چونكە ئەو پارتە دژە كوردە و كورد بەو هۆیەیە كە دەنگی بە ئاكەپە نەداوە، بۆیە داوای كرد، بەپەلە لە هاوپەیمانیی لەگەڵ مەهەپەدا بكشێنەوە. چەند سەركردەیەكی ناو ئاكەپەش بۆچوونەكەیان قبوڵ كرد، بەڵام ئەردۆغان گوێی پێ نەدا.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، داودئۆغڵو توانیویەتی بە زمانێكی نەرم، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا كە پێنج پارتی ئۆپۆزسیۆنە، رووبەڕووی كورد ببێتەوە، بەتایبەت هەدەپە، ئەمەش سەركەوتنی بەدەست هێناوە و توانیویەتی هەدەپە بۆ لای خۆیان رابكێشێت، لە كاتێكدا هەدەپە ئەندامی هاوپەیمانیی میللەت نییە و لەسەر مێزی ٦قۆڵی ئۆپۆزسیۆنیشدا دانەنیشتووە.
داودئۆغڵو، دەڵێت بڕوام بەوە هەیە كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت و هەروەها لەناو پەرلەمانی توركیا پرسی كورد چارەسەر بكرێت، بۆیە رەنگە بەشێك لەو دەنگەی لە هەڵبژاردنی 14_5_2023 بەدەستی دەهێنێت، لە باكووری كوردستان بێت، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكان.
داودۆغڵو، ئەگەرچی لەڕووی دەنگەوە قورساییی نییە، بەڵام لەڕووی عەقڵەوە گرنگە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا وەكو مەرجەعێك سەیری دەكەن و سوود لە تێزەكانی وەردەگرن.