دوو لەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر دەستگیرکران

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر راگەیاند: “دوو لەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر دەستگیرکراون”.

چەند کەسێک بەهۆی دۆسیەکی یاسایی پارێزەرێکیان لە هەولێر بەناوی محەممەد یابە سۆفی رفاندووە و ئەشکەنجەیان داوە و دواتر سەریان تاشیوە و ئازادیان کردووە. سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کرد، دوو لەو کەسانە دەستیگیرکراون و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی ئەو کەیسە و سزادانیان.

دوای رووداوەکە ئومێد خۆشناو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “ئەو کەسانەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانکردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، “کەسانی ناسراون” و لە زووترین کاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن. گوتیشی: هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارەکان داڵدە بدات.

محەممەد یابە، ئەو پارێزەرەی هێرشی کراوەتە سەر گوتی: “لەلایەن چەند کەسێک رفێندرام و زۆر ئەشکەنجە درام، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا هەبوو لەسەر کەیسی نێوان دوو هاسەر کە من پارێزەری ئافرەتەکە بووم، بۆ ئەوە وایانکرد کە ئەمڕۆ دانیشتنەکە بەڕێوەنەچێت”.