ئومێد خۆشناو لەبارەی دۆسیەی پارێزەرەکەی هەولێر: تۆمەتبارەکان کەسانی ناسراون و دەستگیردەکرێن

ئومێد خۆشناو دەڵێت، ئەو کەسانەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانکردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، “کەسانی ناسراون” و لە زووترین کاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن. دەشڵێت: هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارەکان داڵدە بدات.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی نیسانی 2023، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی ‘محەممەد یابە سۆفی’ و، دوای ئەوەی زۆریان لێدا و قژیان تاشی، لە نزیک ماڵەکەی بەجێیان هێشت. پارێزەرەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

لەوبارەوە؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارێزەرەکە پارێزەری لایەنێک بووە و لەلایەن کەسوکاری لایەنەکەی دیکەوە، رفێندراوە، هێرشی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە.  

پارێزگاری هەولێر، کەسوکاری ئەو پارێزەرە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، تۆمەتبارانی ئەو رووداوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، “کەسانی ناسراون و بزر نین”. ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو تۆمەتبارانە “داڵدە بدات” و لە هەرێمی کوردستان کەس لە یاسا بەرزتر نییە.