سه‌رۆكی رێكخراوی جینۆساید وۆچ: سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م كه‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نفالی كورد ده‌ناسێنێت

له‌میانه‌ی دیداری تایبەت بە یادی 35 ساڵەی شاڵاوی ئەنفال، سه‌رۆكی رێكخراوی جینۆساید وۆچ و ئه‌ندامی رێكخراوی زانایانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ جینۆساید، رایده‌گه‌یه‌نێت، سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م كه‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نفالی كورد ده‌ناسێنێت.

دكتۆر گریگۆری ستانتن سه‌رۆكی رێكخراوی جینۆساید وۆچ و ئه‌ندامی رێكخراوی زانایانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ جینۆساید رایگه‌یاند، من كوردستانم خۆش ده‌وێت و هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ كوردم، هه‌موو كاتێك كه‌ دێمه‌ كوردستان، خه‌ڵكێكی به‌هێز ده‌بینم، خه‌ڵكانێك كه‌ بۆماوه‌یه‌كی دوور و درێژ شه‌ڕیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كردووه‌.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، جینۆساید په‌یوه‌ندی به‌ ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌، مرۆڤ له‌ كولتوور و ره‌گه‌زی جیاواز پێكهاتووه‌، بۆیه‌  خه‌ڵكانێك پێیانوایه‌ ده‌توانن كۆتایی به‌وانی دیكه‌ بهێنن، پێویسته‌ كۆتایی به‌م پرسه‌ بێت”.

سه‌رۆكی رێكخراوی جینۆساید وۆچ باسی له‌وه‌شكرد، ترسێك هه‌یه‌ بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینۆساید، ئه‌م ترسه‌ به‌ به‌رده‌وامی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یه‌ك ره‌گه‌زی مرۆڤ هه‌یه‌، ئه‌ویش ره‌گه‌زی مرۆڤه‌، پێویسته‌ هه‌موومان ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی له‌نێوانماندا دابه‌ش بكه‌ین، كه‌س له‌ریزی مرۆڤایه‌تی به‌ زیندوویی نامێنێته‌وه‌ و هه‌موومان ده‌مرین، بۆیه‌ ژیان به‌رده‌وامه‌”.