چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڵند ئیسماعیل بۆ سەعدی پیرە: ئەوانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر كەركووكیان فرۆشت، نازانن عەیبە چییە

ئەندامێکی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایدەگەیەنێت، کە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خراپترین و ئاڵۆزترین هەلومەرجدا پێکهێنرا، بەڵام سەرۆکی حکوومەت و كابینەكەی هەر زوو توانییان بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن، دەشڵێ: ”یەکێتی بە ویست و ئامانجی شکاندنی کابینەکە بەشداریی کردووە و ئەوەش ئێستا بۆ هەموان روون بووەتەوە.“

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بە خۆلادان لە باسكردنی ئەوەی عێراق دەیان ملیار دۆلاری لە 2014ەوە تا ئێستا، لە نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەتەوە و بەم هۆیەشەوە یەدەگەكەی زیاد بووە، كەچی باسكردنی ئەو یەدەگەی لە دژی هەرێمی كوردستان بەكار هێناوە.

لە بەرامبەردا بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لە وەڵامی قسەكانی سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راگەیاند: ”سەعدی پیرە و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە، نمەکی ئەم هەرێمە دەیانگرێت، چونکە دوای 2014 کە بودجەی هەرێمی كوردستان لە عێراق بڕدرا و دواتر شەڕی داعش دروست بوو، بە چاک و خراپەوە بابەتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت ئەم هەرێمەی بەڕێوە بردووە، سەعدی پیرەش مووچەکەی خۆی لەو داهاتە وەرگرتووە، بەداخەوە مرۆڤ هێندە بێ نمەک بێت نەزانێت ژیانی خۆی لەسەر چی دەگوزەرێ!“

ئەوەشی خستە روو کە: ”مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی لە مەراسیمی هەناردەکردنی نەوت ئامادە بوون و شانازییەکەیان بەر کەوت، دوای ئەوەش، هەر کاتێک سەرۆکی حکوومەت لای پارتی بووبێ، جێگرەکەی لای یەکێتی بووە، بەپێچەوانەشەوە راستە، كۆمیتەیەکی نەوت و غاز هەبووە کە یەکێتی ئەندامی تێیدا هەبووە و ئاگاداری هەموو گرێبەستەکان بووە و وردەکارییەکان دەزانن، بۆیە شەرمە، کە لەنێو پرۆسەکەدا بووبن و رەخنەی لێ بگرن و بەم شێوازە دازبەزنە سەری.“

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی هاوکات گوتیشی: ”سەعدی پیرە، هەرێمی کوردستان بە عێراق بەراورد دەکات، دەشزانێت کە بە سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق دزراوە، بۆیە ئەگەر پێی وایە عێراق شەفافترە لە هەرێم، ئەوا دیارە ئەوان (یەکێتی) دەرسیان لە عێراق وەرگرتووە، بۆیە بانکەکانی سلێمانی بە بەردەوامی موفلیس و بەتاڵن، هەروەها داهاتی شارەکە دەچێتە گیرفانی ئەوان، با ئاوڕێك لە داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەکانیان بدەنەوە، ئاوڕێک لەو مافیاگەراییەی نێو شارەکە بدەنەوە، ئینجا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێمە رابکێشێت.“

گوتیشی: ”بە باش و خراپەوە لە ساڵی 2014 تا ئێستا ژیانی خەڵک لە هەموو روویەکەوە لەسەر دەرهێنان و هەناردەی نەوت بووە، باشە کاک سەعدی بۆ تا ئێستا دەنگی نەکردووە؟“

بڵند ئیسماعیل روونیشی کردەوە، کە لە ساڵی 2003 بەدواوە کابینەی نۆ لە خراپترین و قەیراناویترین هەلومەرجدا پێکهێنرا، بەڵام لەوە خراپتر، برادەرانی یەکێتی بە ئامانجی شکاندن و رووخاندنی کابینەکە و رێگری لە چاکسازی بەشدارییان تێدا کرد، ئێستا روون بووەوە کە بەشدارییەکەیان لە حكوومەت بۆ ئەوە بووە كە لەنێو کابینەکەدا لەمپەر بۆ هەر پێشڤەچوونێك دروست بكەن، کاک سەعدی با بچێت لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیرانی خۆیان بپرسێت، ئەو کاتە تێدەگا و دەزانێت چ قورساییەک لەسەر کابینەی نۆ هەبووە، بەڵام هەم مووچە درا، هەم پرۆژەکان بەردەوام بوون و هیچ شتێکیش رانەوەستا.“

سەبارەت بەو بڕگەیەی سەعدی پیرە باسی 1964 دەکات، بڵند ئیسماعیل دەڵێ: ”خۆمان نامانەوێ ئەو مێژووە بە بیری برادەرانی یەکێتی بهێنینەوە، پێم سەیرە کاک سەعدی باسی ساڵی 1964 دەکات؟ دەیەوێ لەپەنای ئەوەدا چی بڵێت؟ چونکە ئەو دەزانێت چ ناوێک لەوان نراوە، ئەگەر بەڕاستی پێی وایە پارتی هۆکارێک بووە تا خەڵکێک دوای 1964 بچێتە ئامێزی حکوومەتی عێراق و چەکی جاشایەتی هەڵبگرێت و ناوی جاشی 1966ی بکەوێتە سەر.“

ئەندامەکەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی راشیگەیاند: ”دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، جەنابی سەرۆک بارزانی چەند لە خەمی یەکگرتوویی پارتیدا بووە، هێندەش لە خەمی لێکنەترازانی یەکێتی و یەکگرتوویی ئەواندا بووە، چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی بەشداریی دەکرد، ئەمە تەنیا بۆ ئەوە بوو کە یەکێتی وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک هێزێک هەبێ و تووشی دووبەرەکی و باڵباڵێن نەبێت، بەڵام پێکهاتە و شێوازی کاری یەکێتی وایە، پێویست ناکات هیچ کەس دەستی تێوەردات، ئەسڵەن یەکێتی بنەماكانی حزبی سیاسیی تێدا نەماوە، بەڕاستی ئێمە پێمان وانەبوو کە یەکێتی کۆسپێکە، هەلومەرجی زۆر لەبار هەبوو ئەگەر بمانویستبا دژایەتییان بکەین، بەتایبەت کاتێک گۆڕان زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی لە سلێمانی هێنا و کەوتە پێش ئەوان، ئێمە چووین لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانیمان بەست، ئەگەر ویستی شکاندنیانمان هەبوایە، ئەو کاتە باشترین هەلومەرج بوو، تەنیا دەستمان لە یەکێتی بەربدایە ئەوا خۆی دەتوایەوە، یەکێتی ئێستا حزبێک نییە کەس حەسوودیی پێ ببات، تا پێویست بەوە بێت ئێمە بچین دەستوەردانیان لەناودا بکەین، بەپێچەوانەوە، ئێمە پێمان وایە ئەگەر یەکێتی یەکگرتوو و یەک بڕیار بێت، بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستانیش رەنگە باشتر بێت، بەداخەوە ئەوانەی لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ كەركووكیان رادەست كرد و فرۆشتیان، نازانن عەیبە چیە.“