سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ تەواو بووە و کێشەی شکانی بۆرییەکە کۆتایی دێت

دوای ئەوەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێی شاری هەولێر تەرخان كرا، دەستبەكارەكانی گۆڕینی بۆرییەکە كرا و ئێستاش كارەكانی پرۆژەکە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە دەبەسترێتەوە و گرفتی شكانی بۆرییەكە چارەسەر دەبێت.

پڕۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و کارەکانی دروستکردنی box culvert تەواو بووە، هەروەها کارەکانی پاراستنی کاپۆدی بۆ بۆڕییەکە تەواو بووە و گشت پێداویستییەکانی بەستنەوەی بۆڕیی کۆن و نوێ گەیشتووەتە شوێنی کار و کاری دانانی بۆڕی و لەحیمکردن و داپۆشینی بۆرییەکە تەواو بووە، هەروەها کارەکانی دروستکردنی مەنهۆڵ بۆ قوفلە هەوایییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە و پرۆژەكە بە كۆتا دێت و بەتەواو بوونی كاریگەری تەواوی لەسەر باشتركردنی پڕۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت.