پارێزگارى هەولێر بۆ لیژنەى چاودێریکردنى بازاڕ:”بەبێ چاوپۆشیکردن، توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکه‌ن کە نرخی خۆراک و پێداویستی و شتومەک لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن”

ئەمڕۆ سێشەممە 2023.4.11، بەسەرپەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئامادەبوونى نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەقید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ لێژنەی هاوبەشى قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز و چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لە یارکردن بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ئەنجامدرا.

لەسەرەتایى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى دەستخۆشى لە لیژنەی هاوبەشى قایمقامیەتى ناوەند و لیژنە هاوبەشەکانى ترى قائیمقامیەتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولیر کرد لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان، تیشکى خستەسەر ئەوەى وەک چۆن بازرگان و خاوەنى کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەشێوەیەکى خێرا نرخى کەل و پەل و پیداویستى لە سەر هاوڵاتییان گران دەکەن، بەهەمانشێوە دەبێت لەگەڵ دابەزینى نرخى دۆلاریش هەمان کاربکرێت و نرخەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببین.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ لیژنەى ناوبراى ڕاسپارد لە هەڵمەتى چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام بن و توندترین ئیجرائاتیش لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن و ڕایگەیاند: “ڕێگە بە هیچ کەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێک بێت نرخ لەسەر هاوڵاتییان گران بکات، بەتایبەتى کە ئێستا لە بەربەرى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆزداین و هەندێک کەس بە قۆزتنەوەى ئەوکاتە نرخى کەل و پەل و شتومەک لە سەر هاوڵاتیان زیاد دەکەن، بۆیە بەبێ چاوپۆشیکردن لە کەس دەبێت توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت”.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان بەشێوەیەکى گشتیى كرا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە چڕترکردنەوەى هەڵمەتى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە لە پشکنین شوێنە بازرگانى و کۆگاکانى دەرمان و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و ده‌رمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو.

لە کۆتایشدا، لە بارەى کرانەوەى خواردنگە و چێشتخانەکان لە ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتى گەشت و گوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد کە دەبیت لە رۆژانەى جەژن میکانزمێکى پێویست دابڕێژن بۆ کرانەوەیان.