سعودیە 25 تۆن خورمای پێشكەش بە هەرێمی كوردستان کرد

سەنتەری شا سەلمان بۆ کاری مرۆیی، بە هەماهەنگى لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتیى سعودیە، لە مەراسیمێکدا، 25 تۆن خورماى لە ڕێگەى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد.

لەژێر ڕێنماییی شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی شاى سعودیە، سەنتەری شا سەلمان بۆ فریاگوزاری و کاری مرۆیی، بە هەماهەنگى لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتیی سعودیە لە هەرێم، ڕۆژی دووشەممە، 10ـی نیسانی 2023، لە چوارچێوەى بەرنامەى پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ حکومەتان، لە مەراسیمێکدا 25 تۆن خورماى سعودی لە ڕێگەى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد کە وەکوو هاوکاری دەگەیەنرێتە ئاوارە و پەنابەرانی ناو هەرێمی کوردستان.

بەر لە دەسپێکى ڕێورەسمەکە لە دیدارێکى نێوان سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، لەگەڵ خالد ئەلشەمڕانى، جێگرى کونسوڵى گشتیی سعودیە لە هەرێم، باس لە پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکانىی نێوانیان و هاوکارى و هەماهەنگى لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە، لەنێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى عەرەبیی سعودیە کرا.

سەفین دزەیی، ئاماژەى بە پەیوەندیى دێرین و پتەوى نێوان سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى باڵاى شانشینى عەرەبیی سعودى کرد؛ هاوکات بەناوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، سوپاسى ئەو دەسپێشخەرییەى سەنتەری شا سەلمانى کرد، کە لەم مانگەدا بڕێک هاوکارییان پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد.

دواتر لە ڕێورەسمێکدا یاداشتى ڕادەستکردن و وەرگرتنى یارمەتییەکە، کە بڕى 25 تەن خورما بوو ئیمزا کرا. هەردوولا جەختیان لە بایەخى هاوکارى و هەماهەنگى کردەوە، بەتایبەت یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران و هاووڵاتییانى کەمدەرامەت.