پارێزگای هەولێر: کێشەی شکانی بۆری ئیفراز سێ کۆتایی دێت

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ تەواو بووە و  کێشەی شکانی بۆرییەکە کۆتایی دێت.

لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێی شاری هەولێر تەرخان كرا، کارەکانی گۆڕینی بۆرییەکە دەستیپێکرد و ئێستاش كارەكانی پڕۆژەکە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە دەبەسترێتەوە و گرفتی شكانی بۆرییەكە چارەسەر دەبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، پڕۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە  و کارەکانی دروستکردنی box culvert تەواو بووە.

پارێزگای هەولێر دەشڵێت، کارەکانی پاراستنی کاسۆد بۆ بۆڕییەکە تەواو بووە و گشت پێداویستییەکانی بەستنەوەی بۆڕیی کۆن و نوێ گەیشتووەتە شوێنی کار و کاری دانانی بۆڕی و لەحیمکردن و داپۆشینی بۆرییەکە تەواو بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کارەکانی دروستکردنی مەنهۆڵ بۆ قوفڵە هەوایییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە و پرۆژەكە بە كۆتا دێت و بەتەواو بوونی كاریگەری تەواوی لەسەر باشتركردنی پڕۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت.

پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ‌ ئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ریشەیی ئەو كێشەیە، كە گۆڕینی بۆریی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە بۆریی (GRP)ی تیرە (1500) ملیمەوە بە بۆریی كاربۆن ستیل، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پرۆژەكە داوە کە بریتییە لە 20,842,500,600 دینار.