وەزارەتی تەندروستی گرێبەستیکی بۆ چارەکردنی ١٤٤ منداڵی نابیست واژۆ کرد

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێکی بۆ دابینکردنی ١٤٤ ئامێری چاندنی لوولپێچی گوێ واژۆ کرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەو بوارە و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕایدەگەیەنێت: بۆ ماوەی یەک ساڵ، ١٤٤ ئامێر بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ١٤٤ منداڵی نابیست دابیندەکرێن.

دوێنێ، بەئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێک لەنێوان بریکاری كۆمپانیای قەسوورە و وەزارەتی تەندرستی بە مەبەستی دابینكردنی ئامێری لوولپێچی گوێ بۆ ماوەی ساڵێک واژوو کرا.
سامان بەرزنجی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکەوە، ڕایگەیاند؛ بۆ ماوەی یەک ساڵ، ١٤٤ ئامێر بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ١٤٤ منداڵی نابیست دابیندەکرێن، بۆ ئەوەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجام بدرێت و بتوانن قسەبکەن.
وەزیری تەندروستی، ئاماژەی بەوەشدا، نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەکرێن، واتا لە هەرسێ سەنتەرەکانی چاندنی لوولپێچی گوێ، لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵە نابیستانە ئەنجام دەدرێن.
سەبارەت بە تێچووی ئەو ئامێرە پزیشکیانەی بۆ کردنی نەشتەرگەری بەکاردەهێندرێن، سامان بەرزنجی، ئاشکرای کرد، بڕی هەر ئامێرێک ١٥ ملیۆن دینارە و ئەو ستافەی کار بە ئامێرەکان دەکات، لە کەسانی پسپۆڕ پێکهاتووە و لە ساڵانی رابردوودا راهێنانیان لەسەر چۆنیەتی بەکار‌هێنانی ئەو ئامێرانە کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەولەویەتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی لوولپێچی گوێ بۆ ئەو منداڵانە دەبێت، کە بەگوێرەی بەڵگە زانستییەکان، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چاندنی لوولپێچی گوێ، چارەسەر دەبن و دەتوانن ببیستنن و قسە بکەن.