ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

دواین ئاماری گومرکیی ئێران، دەری دەخات قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەمەرچین ناسراوە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەو وڵاتە لە هەوڵدایە بە پەرەپێدانی ژێرخانی گومرکیی پەرە بە ترانزێتی کاڵا لە ڕێی ئەو دەروازەیەوە بدات.

بەپێی ئامارێک کە عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی تەمەرچینی پیرانشار، بە میدیای فەرمیی حکوومەتی ئێرانی داوە، گواستنەوەی شتومەک لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵدا لە ڕووی کێش و قورساییەوە ٥٦% زیادی کردووە و لە ڕووی بەهای هەناردەکاریش ١٨% بەرز بۆتەوە. هەر بە پێی ئامارەکە، لە نەورۆزی ڕابردووەوە تا نەورۆزی ئەمساڵ ٧٦٣٠٠٠ تۆن کاڵا لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە بەپێچەوانە لە هەرێمی کوردستانیشەوە ٣٢٠٠٠ تۆن شتومەک بۆ ئێران هەناردە کراوە و قەبارەی گشتیy ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیاندووەتە نزیکەی ٨٠٠٠٠٠ تۆن.
لە دەروازەکە، دەیان جۆر کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەشێک لەو کاڵایانەش بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێنەوە و بەشێکیش وەک ترانزێت بۆ وڵاتانی تر هەناردە دەکرێت؛ هەرچەندە وەک ترانزێت لە ولاتانی تریشەوە کاڵا و شتومەکی پێ دەگات. پێداویستییەکانی بیناسازی وەک کاشی و سیرامیک، خۆڵی کانزایی، ئاسنەواڵە و پارچەی پۆڵا، میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی، لە گرنگترین ئەو کاڵا و بەرهەمانەن لە دەروازەکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
لە ماوەی ساڵەکەدا قەبارەی ئەو کاڵا و شتومەکانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئێران کراوە زیادی کردووە و گەیشتووەتە٣٢٠٠٠ تۆن کە بەهاکەی ٦٤٠٠٠٠٠٠ دۆلار بووە. لە هەرێمی کوردستانەوە ساردکەرەوە، سپلیت و پێداویستی کارەبایی بۆ ئێران گواستراوەتەوە و بەراورد بە ساڵێک پێشتر لە ڕووی کێش و قورساییەوە ٣٢% و لە ڕووی بەهاوە ٤% زیادی کردووە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تەنیا لە ڕووی ئالوگۆڕی بازرگانی گەشەی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵکوو لە ڕووی گەشتیاریش زۆر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو خەڵک چوونەتە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان لەوێوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە نەورۆزی ساڵی ڕابردووەوە تا نەورۆزی ئەمساڵ، ٦٧٢٠٠٠ گەشتیار لەو سنوورە پەڕینەتەوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٨٨% زیادی کردووە. هەمو ڕۆژێک ١٨٧٠ گەشتیار لەو دەروازەیە جووڵەیان هەبووە و هاوکات ٦٤٠ بارهەڵگریش باریان ئاڵوگۆڕ کردووە.
پێویستە بگوترێ ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ مەبەستی گواستنەوەی زیارەتکارانی شیعەش سوودی لێ وەرگیرا و گەشتیارانیش لە گەشتەکانیان لەڕێی ئەم سنوورەوە ڕازی بوون و هەستیان بە کێشە نەکردووە.
ئێران دەیەوێت لای خۆی پەرە بە دەروازەکە بدات و کۆگەیەک بە ڕووبەری دوو دۆنم لە جێبەجێکردندایە و ئێران دەخوازێت پەرە بە ترانزێتی کاڵا بدات. بایەخی دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئێران زۆر گرنگە و دەخوازێت قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی لە سنوورەکە بەرزتر بکاتەوە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ تەرازووی بازرگانیی لەو سنوورە لە قازانجی ئێرانە و سەرووی ٩٥%ی ئالوگۆڕی کاڵای سنوورەکە پەیوەستە بە قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و کەمتر لە ٥%ی ئەو قەبارەیە بەر هەناردەی هەرێم بۆ ئێران دەکەوێت.
ساڵی ٢٠٠٧ دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ یەکەم جار کرایە نێودەوڵەتیی و لەو کاتەوە ڕۆڵی زۆر گرنگی لە گەشەی ئابوری و گواستنەوەی بازرگانی هەبووە. دەروازەکە ١٦٠ کیلۆمەتر لە ورمێی ناوەندی پارێزگای ورمێ دوورە و ئەو پارێزگایەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە پایتەختی هەرێمی کوردستان گرێ دەدات.