له‌ هه‌ولێر به‌ گوژمه‌ی سێ سەدو بیستو نۆ ملیۆن دینار شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی هاتوچۆ له‌ ناوشار و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان، پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری له‌ گه‌ڕه‌كێكی هه‌وڵێر به‌ گوژمه‌ی سێ سەد و بیست و نۆ ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كان به‌جۆرێكه‌، لە د‌هه‌ر دوو ڕۆژدا، ته‌نیا شاره‌وانییه‌كان نزیك به‌ سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریان پێشكه‌ش كردووه‌.

شاره‌وانی هه‌ولێر له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌ربار، پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری ته‌ریب به‌ كه‌ندی كۆڕنیش له‌ گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆك جێبه‌جێ ده‌كات، پڕۆژه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كاری ڕێكخستن و قیرتاوكردن به‌ جۆری قیری ستابلایزه‌ر به‌ بڕی ده‌ هه‌زار مه‌تر دووجا، ئەو جۆرە قیرە، جۆر و چۆنییەتییەکەی بەرزە .
ڕۆنانی ئه‌و شه‌قامه‌ كه‌ كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ و شۆفێران ده‌كات، له ‌كاتێكدایه‌، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا و له‌سه‌ر بودجه‌ و ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی هه‌ولێر و بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی هه‌ولێر، چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر جێبه‌جێ كراون و خراونه‌ته‌ خزمه‌ت دانیشتوانی هه‌ولێره‌وه‌. هاوكات، ده‌رخسته‌ی چه‌ندان پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاریش له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ئاماده‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری خزمه‌تگوزاری بۆ شاری هه‌ولێر.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بڕیاریدا به‌ خه‌رج كردنی، دوو ملیار و پێنج ملیۆن و هه‌شت سه‌د و شه‌ست و پێنج هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست و شه‌ش دینار، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌وی له‌سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، بۆ دروستكردنی شه‌قام و ئاوه‌ڕۆی سندوقی و لووله‌یی له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌ریوان كه‌رتی هه‌شتی حه‌سارۆكی شاری هه‌ولێر.
شاری هه‌ولێر كه‌ له‌ڕابردوودا به‌ شاری چاڵوچۆڵه‌كان و تاسه‌ی شه‌قامه‌كان ناوی دەرکردبوو، ئێستا له‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووی ڕێگاوبان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌یه‌ و پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، له‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كانی شاری هه‌ولێر؛ به‌جۆرێك، حه‌فتانه‌ لێره‌وله‌وێ به‌ردی بناغه‌ی پڕۆ‌ەژی نوێی خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م و به‌ كوالییه‌تی به‌رزی ستاندارد، پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر ژێرخانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی شار و خزمه‌ت هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌.
جیا له‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت، هاوكات چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریش له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگاكان پێشكه‌ش ده‌كرێت و به‌رده‌وامه‌. به ‌پێی ئاماره‌كان، ساڵی ڕابردوو به‌ گوژمه‌ی بیست و هه‌شت ملیار و پێنج سه‌د و بیست ملیۆن و پێنج سه‌د و نه‌وه‌ت و دوو هه‌زار وحەوت سه‌د و هه‌ژده‌ دیناری عێراقی، ته‌نیا له‌سه‌ر بودجه‌ی داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، ٥٣١ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌شتوگوزار له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و سۆران و زاخۆ، جێبه‌جێ كراون، واتا هه‌ر دوو ڕۆژ جارێك سێ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌نیا له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.