لە سبەینێوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی دواتریش مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە و پارێزگاری هەولێریش ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو دەدات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ڕاگەیاندنی پشوو، بەهۆی مەترسیی دروستبوونی لافاو بۆ ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاندووە: “بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ دووسبەی چوارشەممە مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە، بۆیە تاوەکوو ئێستا بڕیارمان لەبارەی پشوو نەداوە”.
هەروەها ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پێناو بەرگرتن لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەی مهترسی ڕوودان و زیانەکانی ئەنجامدرا و تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هەموو لایەنە پەیوەندارەكانی هەولێری لەماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا وەک یەک تیم بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو و پاراستن و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
شارەزایانی بواری کەشناسی ئاشکرایانکردووە کە لە سبەینێ سێشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە رۆژی چوارشەممە شەپۆلی بارانبارینەکە بگاتە لوتکەی بەهێزی و چڕبوونەوە کە هەورە بروسکەی بەهێزیشی لەگەڵ دەبێت، بۆیە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو دەکرێت