بهڕێوهبهرایهتى بهرگرى شارستانى سلێمانى رایدهگهێنێت، لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشبینییە زانستییانەی لەلایەن كهشناسییهوه بڵاوكراوهتهوه و هۆشداری دراوه كهشەپۆلێکی بارانی بەلێزمە روو لە ناوچەکە دەکات، سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانیش له پارێزگای سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر رووداوێک.
ئهمڕۆ دووشهممه 10ی4ی2023، بهڕێوهبهرایهتى بهرگرى شارستانى سلێمانى بلآويكردهوه: بەپشتبەستن بەو پێشبینیە زانستیەی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی سلێمانی کە هۆشداریداوە لەبارەی شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمەو بونی هەورە تریشقە لەڕۆژانی داهاتودا، سەرجەم تیمەکانیان لەئامادەباشی پێشوەختەدان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو.
بهرگرى شارستانى سلێمانى ئاماژهی بهوهشكردووه” داوا لههاوڵاتییان دهكهین پهیڕهوى ئهم رێنماییانه بكهن له ههر حاڵهتێكی نهخوازراودا:
1- پێوستە هەموو ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی مورەجەعی بۆ دابنێت لەدەرەوەی ماڵی خۆی، تا لەکاتی پڕبونی مەنهۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە ناو خانوەکەی
2- ئەو ماڵانەی گەراجی دفن یا نهۆمێکی خانوەکەیان چاڵە لەئاستی جادەوە پێویستە حەوزێکی مەتر موکەعەب دروستبکاتو موزەخەی تایبەتی ئاو سەحبکردن دابنێت لەناویدا بەحەرەسی زیرەکەوە، هەرکات ئاو هاتە ژورێ ئۆتۆماتیکی خۆی بکەوێتەکار نەهێڵێت ئاو گلبێتەوە
3- پاکردنەوەی مەنهۆڵی ناو ماڵ لەزیخو بەرد قوڕو پیسی، هەروەها لابردنی سەر گونجەکان لەسەربانو حەوشە تاکو ئاو بەڕێژەیەکی زیاتر بڕوات
4- پاککردنەوەی سەربانو حەوشە لەگەڵاو عەلاگەو مەقابا تا لەکاتی بارانباریندا نەچنە بەردەم مەنهۆڵو گونجەکان
5- ئەو ماڵانەی لەگەڕەکی لاوەکیدان ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری، پێویستە ڕێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆ جێگەیەکی گونجاوتر لەڕێگەی فەردە لم یان تاسەدانان بەکۆنکرێت ئاستی بەرزیو نزمی تاسەکە لەژێر چاودێریی یاساکانی هاتوچۆدا
6- کوژانەوەی سەرچاوەی کارەبا لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبۆتەوەو ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لەناویدایەو خەریکی دەرهێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین ڕوداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی سویچ پلاکو کارەبا بچێتەسەر ئاوەکە
7- ئەو ماڵانەی ساڵانە دوچاری هاتنە ژورەوەی لافاو دەبنو هیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم ڕێنماییانە نەکردوە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبایو بەنرخ ئاڵتونو پارە لەجێگەی نزمدا دانەنێن، تاکو ڕوداوەکەش ڕویدا زەرەروو زیان کەمتربێت
8- ئەوەش بزانە هاوڵاتی سەلامەتی خۆتو ماڵو منداڵو ئەندامانی خێزانت لەپێش هەموو شتێکەوەیە گەر هیچت پێنەکرا باشترین شت ئەوەیە بێیتە دەرەوە بچیتە جێگەیەکی سەلامەت.
ئەمڕۆ دووشەممە و سبەى سێشەممە، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرمییش دادەبەزن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی نیسانی 2023، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمەباران ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەگرێتەوە؛ لە ئێوارەدا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، لێزمەباران دەبارێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ (9ـی نیسان) لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرئاوا و پارێزگای دهۆک بە 4-5 نزم دەبنەوە. لەڕووی خێراییی باوە، 10-20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرکدا دەبێت، هەندێ جاریش بۆ زیاتر لە 30 کیلۆمەتر خێراتر دەبێت.
سبەی سێشەممە، 11ـی نیسانی 2023، لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەوری تەواو لەگەڵ نمەباران دەبێت. تاو نا تاو باران و بروسکە دەبێت. لە شەودا دابارین لە زۆربەی ناوچەکاندا زیاد دەکات؛ پلەکانی گەرما بە 4-5 پلە بەراورد بە ڕۆژى دووشەممە نزمتر دەبنەوە، خێراییی با بە 10-20 کیلۆمەتر لەسەر کاتژمێرێک لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: 19 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 20 پلەى سیلیزى
دهۆک: 18 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 23 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 23 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى
سۆران: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 26 پلەى سیلیزى