جەیک سەلیڤان: رێککەوتنەکە مێژووییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق

پاش رێککەوتنەکەی هەفتەی رابردووی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ، ئەمریکا لە ئاستی باڵادا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد،نوێترینیان جەیک سەلیڤن ،راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بوو کە رێککەوتنەکە بە ” پێشکەوتنێکی بەرچاو دادەنێت بۆ دۆخی عێراق و رێککەوتن لە بواری وزەدا ” .

سەلیڤان دوو رێککەوتن بە پێشهاتێکی گرنگ دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان یەکەمیان رێککەوتنی سێشەممەی رابردووی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان پاش بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە ٢٣ـی مانگ کە بەشێوەیەکی کاتی هەناردەی نەوتی راگرتبوو .
دووەمیشیان کە سەلیڤان بە گرنگی دادەنێت رێککەوتنی نێوان بەغدا و تۆتالی فەرەنسییە ئەو رێککەوتنە ئەیلوولی 2021 رێککەوتنی لەسەر کرا بەڵام بەهۆی هەڵبژاردن دواکەوت.
سەلیڤان دەڵێ :” ئەو رێککەوتنە نوێیەی بواری وزە دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزبوونی سەروەری و سەربەخۆیی و باشتربوونی ئابووری و گەشانەوەی عێراق بە گشتی.”
ئەو هەروەها دەڵێ :” حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی نەوت و گاز و داهاتەکەی بەگوێرەی هەناردەی نەوتەکە لە رێگەی بۆرییەوە ، ئەو رێککەوتنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر بودجەیەکی چەندین ساڵی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران پێش دەرچوونی یاسایەک لەبارەی نەوت و گاز کە دەتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیری و باشترکردنی دۆخی عێراق لە هەموو روویەکەوە.”
ئەمریکا بە هێزەوە پشتیوانی رێککەوتنەکە دەکات و لە پشتی پەردەشەوە زۆر بە جیدی کاری لەسەر گەرەنتی بۆ رێککەوتنەکە کرد،لەسەر هەموو ئاستەکان بەرپرسان راسپێردران کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
لە راگەیەنراوەکەیدا سەلیڤان بووە باڵاترین بەرپرسی ئەمریکا کە زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو رێککەوتنە بکات لە نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت بۆ هەناردەی نەوت و گازی کوردستان.
هاوکات هەر رۆژی دووشەممە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی ،رێککەوتنەکەی بە قازانج بۆ هەردوولا واتە هەولێر و بەغدا وەسفکرد ،پشتیوانی تەواوی ئەمریکایشی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە راگەیاند.’
ئەمریکا پێشتریش گوشاری زۆری کرد لەسەر عێراق بۆ رێککەوتن ،کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ نموونە چەند جارێک گوشاری بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد بەتایبەت لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس لەوبارەوە ، پێش ماوەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا مایکڵ مەکۆڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس داوا لە وەزارەتی دەرەوە و خودی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات هاوکاری زیاتر بکات بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا .
ماکۆڵ لە نامەکەیدا گوتبووی :” لە ئابی رابردووش نیگەرانیم دەربڕی بەرامبەر بەردەوامی ناکۆکی نێوان هەردوو حکومەت کە کاریگەری خراپیان لەسەر سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری عێراق هەبووە، لەکاتێکدا هەڕەشەی دەرەکی لەسەر عێراق هەیە، گرنگە هەردوو حکومەت بنەمایەکیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێسەکان .”
ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ :” پێویستە یەکگرتوویی عێراق لەوە سەرچاوە بگرێت کە سەروەت و داهاتەکەی بە یەکسانی بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت، بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت .”