چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دوای ٢٠ ساڵ لە ڕووخانی بەعس و دەربازکردنی کۆمەڵێک قەیران، کاتی ئەوە هاتووە دەستوور جێبەجێ بکرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

20 ساڵ بەسەر پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێدەپەڕێت و دوای دوو دەیە لە رووخانی دیکتاتۆریی و دامەزراندنی سیستمێکی نوێی سیاسی و بەڕێوەبردن لە عێراق، کاتی ئەوە هاتووە خەسارناسییەک بۆ ئەو مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێوە بکرێت. کورد بە تایبەتی و عێراقییەکان بە گشتی تا ڕووخانی بەعس قوربانییەکی زۆریان دا بەڵام ئەوەی بەدی هاتووە و تا ئێستا بەردەوامە، ئەوە نەبووە داوایان دەکرد.

گرنگترین سیمای ئەو گۆڕانانەی لە عێراق ڕوویان دا، ئەوە بوو گەلی کورد بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پرسی ئاڵۆزی دەستکاریکردنی سنوورەکان، بڕیاری دا لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا تێکەڵی عێراق ببێتەوە و لە عێراقی فیدراڵدا بەدوای بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانی خۆیدا بگەڕێت.
وەک ئاشکرایە، پێشی ڕووخانی ڕژێمەکە، هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەی سیاسی و ئابووری و ئیدارەی خۆی بوو و تەنانەت کاری بە جۆرێک دراو دەکرد کە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی بەعس کار بە جۆرێکی تری دراو دەکرا، دوای ڕووخانی بەعس زۆربەی دامەزراوە گرنگەکانی عێراق هەڵوەشانەوە و دەوڵەت سەرلەبەری ڕووخا و دەبوایە لە بناغەوە بنیات بنرێتەوە.
بە نووسینی دەستوورێکی نوێ و پەسندکرانی دوای ڕیفراندۆم، بناغەی دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرا و دەستوورەکە تا ڕادەیەکی باش ئەو مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کوردی لەخۆ دەگرت کە خەباتی لە پێناویدا دەکرد کە گرنگترینیان یەکلاکردنەوەی پرسی کەرکووک بوو.
لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ ئەم بابەتە یەکلایی کرایەوە و تەنانەت سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەکە دەستنیشان کرا و دەبوایە لە ماوەیەکی کورتدا قەرەبوو و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سنووری ناوچەی ١٤٠ و ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمە هەرگیز جێبەجێ نەکرا.
لە لایەک کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی مادەکە دزییەوە و لە لایەکی تر کوردیش کە چ لە ڕووی سەربازی و ئەمن و ئاسایش و چ لە ڕووی سیاسییەوە زۆر باڵادەست بوو و تەنانەت ئیدارەی شارەکەی بەدەستەوە بوو، کەمتەرخەمی نواند و ئەو گوشارەی پێویست بوو لە کاتی خۆیدا بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دروستی بکات نەینا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و هاتنەپێشی قەیران و تەنگژەی نوێی ئەمنی و سیاسی و ئابووری، پرسەکە ئاڵۆزتر بوو.
شەڕی تایفی و ڕکەبەرایەتیی مێژوویی سوننە و شیعە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١، سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، بڕینی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، بەناچار دەستپێکردنی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆ، هاتنی سەدان هەزار ئاوارەی عێراق و سووریا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی و پاشان کۆرۆنا و ڕووداوەکانی تر، بوونە هۆی پشتگوێخستنی ئەو بەرنامەیەی عێراقی لەسەر دامەزرابوو.
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ کاتێک لەو دەستوورە تێنەگەیشتن کە وڵاتەکەی لەسەر بنیات نراوە، لەجیاتی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەسەڵاتێکی فرەڕەنگ بگۆڕدرێت کە لە سیما هەرە سەرەکییەکانی سیستمی فیدراڵییە، یەک ڕەنگ ویستوویەتی خۆی بەسەر رەنگەکانی تردا زاڵ بکات.
لەماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا دەسەڵاتی عێراق لەدەستی بەعسی سوننەی عەرەبەوە کەوتووەتە دەستی چەند پارتێکی شیعەی عەرەب و هاوبەشی پێکردنی سوننە و کورد زۆر ڕۆتینی و ڕواڵەتی و بەشێکیشی عورفی بووە. لەجیاتی دادپەروەری و یەکسانی، کە لە سیما هەرەسەرەکییەکانی دیموکراسییە، زۆرینە و کەمینە کراوەتە پێوەری یەکلاییکردنەوەی کێشەکان. ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچوون یان ئەو بڕیارانەی لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی دەرچوون بە ئاشکرایی ئەوەیان سەلماندووە هاوشێوەی ڕابردوو و بەهەمان نەفەسی بەعس، هێزێک ویستوویەتی ئەوانەی تر قووت بدات .
دوای ٢٠ ساڵ لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ ئەوەی دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیری و ئاسوودەیی سەرجەم دانیشتوانی وڵات ئەوەیە یان دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و بەدەر لە بەرژەوەندی کەسی و ناوچەیی و ئیتنی و مەزهەبی، مافەکان وەک خۆی دابەش بکرێن یان ڕێگەیەکی تر بۆ پێکەوەژیانی گەلان لە دراوسێیەتی یەکتردا بدۆزرێتەوە.