لاهوور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، لە دوای بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەترسیی لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە، وای کرد کە بەردەوام چاودێریی دۆخەكە بكات.
هاوكات جەختی كردەوە: ”ئیدانەی ئەو رووداوەی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی شاری سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی دەکەم، وڵاتانی دراوسێ دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و کەناڵە رەسمییەکانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.“
داوای ئەوەشی كردووە: ”لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان دان بە خۆیاندا بگرن تا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەون. پێویستە هەڤاڵانمان لە رۆژئاوا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بزانن کە دۆخی ئێستای سلێمانی وەک پێشتر نییە و رووداوی کەوتنە خوارەوەی دوو هەلیکۆپتەرەکە و رووداوەکەی دوێنێ بەرئەنجامی ئەو شێوازی سیاسەتکردنەیە کە ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت.“
لاهوور جەنگی لەبارەی سیاسەتی هەڵەی بافڵ تاڵەبانییەوە دەڵێت: ”ناکرێت خەڵکی کوردستان باجی هەڵە و عینادیی سیاسییەکان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کاری نا عەقڵانی بدەن و بە دروشمی موزەیەفی کوردایەتی ختووکە بدرێن، یەکتر تەخوین کردن و موزایەدەی سیاسی خزمەت بە هیچ لایەک ناکات.“
هاوسەرۆكی یەكێتی هۆشداری لەبارەی دۆخی سلێمانی و تاكڕەویی بافڵ تاڵەبانی داوە و دەڵێت: ”ئەوانەی بەراستی خەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیانە و لە هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن، بەتایبەت کە ئێستا رێککەوتنێک لە ئارادایە لەگەڵ بەغدا کە هەنگاوێکە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری و باشبوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران، دەبێت باش بزانن کە ئێستا دەستبەرداربوون لە تاکڕەویی سیاسی و لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی و دۆخی نا ئارامی سلێمانی بەتایبەتی لەهەموو شتێک گرنگترە. نابێت رێگە بدەین ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی بازاڕ و کاسبکاران و ئاشتی کۆمەلایەتی تێک بچێت، سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی قوربانیی زۆریان داوە، شایەنی ئەوە نین لەوە زیاتر سزا بدرێن و لەو نا ئارامییەدا بمێننەوە.“