BBC دوای 20 ساڵ پێشبینییەكی سەرۆک بارزانی دەهێنێتەوە بەرباس

ئاژانسی بەناوبانگی (BBC)ی توركی لە ڕاپۆرتێكی ورددا باسی لەو گۆڕانكاری و ڕووداوانەی دوای ڕژێمی سەدام حوسێن كردووە لە عێراقدا، لەوێدا باس لە پێشبینییەكی سەرۆك بارزانی دەكات، كە هۆشداریی داوەتە ئەمریكا و سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكانی شیعە و پێشبینییەكەیشی ڕاست دەرچووە و عێراق گەیشت بەم ڕۆژەی ئێستا.

ئاژانسەکە بڵاوی كردووەتەوە، بەر لەوەی سەدام حوسێن بڕووخێنن، ئەمریكا بارزانیی داوەتی ئەمریكا كردووە و لەو ڕووەوە قسەی لەگەڵدا كردووە، بارزانییش پێشنیازی كردووە كە كۆنفرانسێكی گەورە ڕێک بخرێت و لەوێ سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق داوەت بكرێن و لەو بارەیەوە گفتوگۆ بكەن، لەسەر داوای بارزانی ساڵی 2002 كۆنفرانسەكە لە لۆندرا بەڕێوە چوو.

بە گوێرەی بەدواداچوونی BBC، بارزانی لەو كۆنفرانسەدا هەستی بەوە كردووە كە سەركردە شیعییەكان، ڕۆحی تۆڵەكردنەوەیان هەیە، بۆیە بارزانی هۆشداریی داوە كە ئەو تۆڵەكردنەوەیە ئەنجامی خراپی دەبێت.

پێشبینییەكەی بارزانی ڕاست دەرچوو، وەكوو ئەوەی BBC باسی دەكات، كاتێك مالیكی هاتە سەر دەسەڵات و بووە سەرۆك وەزیران، مەزهەبی بەسەر حكوومەتدا زاڵ كرد و بەئاشكرا دژایەتیی سوننەی كرد، عەبادییش لە مالیكی خراپتر بوو و شیعەگەرییەكی زۆری كرد و سوننەكانیان ئازار دا، بۆیە ئەوانیش بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕان.