رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت

ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بە بۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت.

لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش کرا.