نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تا دێت زیاتر بەرزدەبێتەوە و نرخی کیلۆگرامێکی بۆ نزیکەی 5000 دینار بەرزبووەتەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ کوردستان 24 رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گۆشتی سوور دەگەڕێتەوە، ئەوە وایکردووە لە مانگی رەمەزاندا، مریشک وەک کاڵای خۆراکی جێگرەوەی گۆشتی سوور خواستی زۆری لەسەر بێت.
گووتیشی، بەهۆی ئەوەی لە ماوەکانی رابردوو بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیانمەند و مایەپووچ بوون، وایکرد دانانەوەی جووجەڵە کەمبێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خستنەڕوو هەبووە.
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر بەراورد بکرێت لەو کاتەی نرخی کیلۆگرامێک مریشک بە 2500 دینار بوو، ئەوا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زیاندابوون چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆگرامێکی 2600 دینارە و پێویستە بە 3000 دینار بیفرۆشێت. ئینجا لە دەرەوەی کێڵگەکە فرۆشیاران و بازرگانان بڕێکی دیکەی دەخەنە سەر، بە پێویستیشی زانی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ پێویستە لیژنەکانی چاودێری بەردەوام بەدواداچوون بکەن.