شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

یۆنامی، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات و لە تویتێکدا نووسیویەتی، دەستخۆشی لە رێککەوتی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

یۆنامی باسی لەوەشکردووە، رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی وڵات و گەشەکردنی ئابووری عێراق لەپێنداو خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکاندا.

دوێنێ چوارشەممە (4ـی نیسانی 2023) رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا. بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، گەرەنتی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ رێککەوتنەکەی هەولێر و بە‌غدا ھەیە و کۆمپانیای سۆمۆ، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات، لەبەرامبەردا هەرێم لەژێر چاودێری بانکی ناوەندیی، سەربەخۆ مامەڵە بە داهاتی نەوتەکەیەوە دەكات.