پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مه‌سرور بارزانی: له‌مڕۆوه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا پته‌وتر ده‌بێت

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ رێککەوتنێکمان لەگەڵ  سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی واژۆکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی هاوکاریی بەهێز و بەردەوام لە نێوان هەولێر و بەغدا.

لە کۆبوونەوەکەماندا لە بەغدا، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتیەکەی و رۆڵە سەرەکییەکەی لە نوێبوونەوەی هاوکاری لە نێوانماندا. ئەم رێککەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو وڵات دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەردوولامان هاوڕاین کە ئێستا چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەروەها دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکان لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گاز دەست پێبکەن.

کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم دواییانەی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بە کۆی وڵات گەیاندووە. بەڵام ئەم رێککەوتنە، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زۆر پێویست دەستەبەر  بکات. هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگه‌ڵ عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک که لە چوارچێوەی دەستووردا، رێز له مافەکانمان بگیرێت. بێگومان رۆڵی دیار و گرنگی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هێزێکی تایبەت بەم رێککەوتنە دەبەخشێت.

لە ئەمڕۆوە، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین. هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ رایگەیاند، ئێستا دەبێت جەختمان  لەسەر فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بێت بە شێوەیەک ، کە سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەبێت.

سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم بۆ رۆڵی گرنگی و پشتیوانی بەردەوامی، هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی. سوپاسی شاندی تەکنیکی هەردوولاش دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە چەند هەفتەی رابردوودا، كە بە شێوەیەکی زۆر چڕ کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەیەنن و هیوادارم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان