لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بە رێكکەوتنی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە پەیامێکدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و گوتیشی: دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم کە بڕیارە دروستەکەیاندا.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەکرد، بە بۆنەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات و گوتیشی: دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەم کە بڕیارە دروستەکەیاندا.
هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت: پێویستە هەمووان دەستخۆشی لە هەموو کارێکی باش بکەن، ئەم رێککەوتنە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە بەردی بناغەی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستوردا.
لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەشکرد، هەرچەندە رێککەوتنەکە کاتییە، بەڵام دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی.
هاوسەرۆکی یەکێتی هیواشیخواست هەردوولا بە بایەخەوە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە جێبەجێبکەن و پێوەی پابەندبن، هەنگاوێکیش بێت بەرەو رێککەوتنی کۆتایی و درێژخایەن لە نێوان هەردوولادا.