مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: هیوادرام رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق. گوتیشی: جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەکی رێک و پێک پێموایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێک بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. کە پێم وایە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراقم ئەگەر بەشێوەیەکی رێک و پێک جێبەجێبکرێت.
بە گوتەی مەسرور بارزانی، “دوای راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو ئەم زیانە بە هەموو خەڵکی عێراق کەوتووە. ئێستا ئەم ئالیەتە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە داهاتێکی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دتوانین تێیدا سوودمەند بین.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: دەمەێت هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە نیەتی ئێمە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەبووە ئێمە بگەینە رێککەوتنێکی باش لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی ئێمە بەهێچ شێوەیەک واز لە هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بهێنین، بەڵکوو ئەم رێککەوتنە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارانەی کە هەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی گوتی: دەمەوێت لێرەدا سوپاسی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم بۆ ئەو متمانە و ئەو پشتیوانییە بەردەوامییەی بۆ ئێمەی هەبووە و دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لەم پڕۆسەیە و سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریانن هەبووە لەسەر خستنی ئەم پڕۆسەیە. سوپاسی شاندی حکومەتی عێراقی دەکەم بۆ پشتیوانیان لە رێککەوتن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەمەوێت سوپاسی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی زۆر چڕ توانیان ئەم گفتوگۆیانە بگەیێنن بە ئەنجام کە خێری هەموو خەڵکی عێراقی تێدا بێت.
مەسرور بارزانی گوتی: دڵنیام ئەمجارە بە وجودی جەنابی سەرۆک وەزیران ئەم رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ دەکرێت، هیوادارم ئەو تیمانەی رادەسپێردرێن، بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هونەرییەکان ئەم رێککەوتنە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبێت.
بەگوتەی مەسرور بارزانی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا “رێککەوتنێکی کاتییە” و دەڵێت: هەموو بنەماکانی ئەم رێککەوتنە دیسان لە پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گازیش رەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەکی رێک و پێک پێموایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێک بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازیش.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: ئەو ئیلتیزامەی کە هەموو لایەک پیشانی دەدەین، هیوادارم گەرەنتی ئەوەبێت کە ئەو رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت دڵنیاشم کە ئەوە دەبێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ ئەو هەموو هاوکاری و کارکردنی پێکەوە، وەکو جەنابی سەرۆکوەزیرانی باسی کرد چیتر باسی کێشە نەکەین، بەڵکو باسی ئەو هەلانە بکەین کە لە داهاتوودا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەن ئێمە بتوانین وەکو دەستپێکێک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری هەموولایەک دەست پێبکەین، کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت ئینشاڵڵا سەرکەوتنیش بۆ هەموو گەلی عێراق دەبێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: جارێکی دیکە دەمەوێت دەستخۆشی و سوپاسی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بکەم، کە بە ڕاستی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق کە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەموو عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێری بەڕێزیان ئەم رێککەوتنە کراوە، هیوادارم و دڵنیاشم سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت. جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاستان دەکەم.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، رێککەوتنی نەوتی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کـوردستان و حکومەتی عێراق واژوو کرا و بەپێی رێککەوتنەکە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە کورد دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.