سەرۆك بارزانی لە چل و سێیەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمەش دەقەكەیەتی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی و دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەمدا ئەنجامی دا.
خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە و تەنیا تاوانیان كوردبوونەكەیان بووە. پێویستە حكوومەتی عێراقی ئەركی خۆی لە قەربووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكان و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بە زووترین كات جێبەجێ بكات.
لەیادی چل و سێ ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەیەكان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەمیشە جێگەی شانازی و پێزانینە.
مسعود بارزانی
4ی نیسانی 2023
previous post