سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان: لە کۆی ١٩ ڕاسپاردەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستە ١١ـیان جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوامە، لە چوارچێوەی ئەو پلانەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە، لە کۆی ١٩ ڕاسپاردەی چاکسازی تا ئێستە ١١ـیان جێبەجێ کراون و، ٣ـیان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

پاراستنی ھاووڵاتییان لە کاتی ئاشتی و جەنگ، یەکێکە لە ستراتیجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە؛ بۆ ئەو مەبەستە لەسەرجەم بنکەکانی مەشق و ڕاھێنان ئەم ستراتیجییە بووەتە بەرنامە بۆ ڕێگەگرتن لە ئەگەری بریندار بوون و کەمئەندامبوونی ھاووڵاتییان لە کاتی ناکۆکییە چەکدارییەکاندا.
بۆ دەستەبەرکردنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، لیجنەیەک بۆ چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو کەسانە پێکھێنراوە تا ئێستە نۆ ھەزار و پێنج سەد و حەفتا و ھەشت خاوەن پێداویستی تایبەتیان بینیوە، بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخیان و بەپێی بڕیارەکەش چوار ھەزار و شەش سەد و شەست و چوار خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێژەی پێویستیان ھێناوە.
بۆ بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی، وەزارەتی پێشمەرگە ستراتیجییەکی داڕشتووە بۆ بەرنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بۆ ئەو مەبەستە شەش سەنتەری ھەماھەنگی کردۆتەوە کە دوو سەنتەری سەرەکیان لە ھەولێر و بەغدان.
بۆ نەھێشتنی دیاردەی چەکداریکردنی منداڵان و بەشداری پێنەکردنیان لە ململانێ چەکدارییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە کاری جددی کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە و ھەر بەپێی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە، نابێت تەمەنی پێشمەرگە ١٨ ساڵ کەمتر بێت.
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە بەھاوکاری وڵاتانی ھاوپەیمان، پڕۆژەیەکی ٣٥ خاڵی بۆ چاکسازی ‌و ڕێکخستنەوەی کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکردبوو، ئێستەش سەرقاڵی کارکردنن لە بەشێک لەو خاڵانە.
کابینەی نۆیەم لەسەر بنەمای ھاوپەیمانیی چەند لایەنێک پێک ھاتووە کە لایەنەکانیش لە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە ئاگاداری ھەنگاوەکانی چاکسازین، لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا، ڕێژەیەکی زۆر لە داھاتی گشتی گەڕاوەتەوە بۆ حکوومەت و بە ئاستێکی باش بوارەکان ڕێک خراونەتەوە.
یاسای چاکسازی ھەنگاوێکی مێژوویی بوو، وڵامدەرەوەی خواست و داواکاریی ھاووڵاتیان بوو، بووە بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کە جیاوازی لە نێوان ھیچ پلە و پۆستێکدا ناکات.
سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جددیەتێکی زۆرەوە لەسەر پرۆسەی چاکسازیی کاری کردووە، حکوومەت توانی ھەنگاوی جددی بنێت لە ڕووی ڕێکخستنەوە و زیادکردنی داھاتی ناوخۆ. حکوومەتی هەرێم لە پرۆسەی چاکسازیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت قەرزیشی داوەتەوە و دوو مووچەیی نەھێشتووە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستیش بووەتەوە،‌ بەڵام بەسەریاندا سەرکەوتووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: چاکسازی پرۆسەیە، بە ڕێوشوێنی خۆیدا دەڕوات و ئامانجی خۆی دەپێکێت، بەتایبەتی چاکسازی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام کێشەی گەورە لەبەردەم وەزارەتی پێشمەرگە نەبوونی وەزیری پێشمەرگەیە کە تا ئێستە دەست بەکارنەبووە، ھەر چەندە ھاوپەیمانان جددین بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت و ھێزی پێشمەرگە یەک بگرێتەوە، ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی کە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، یەکەی ٧٠ و ٨٠، یەک دەگرنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی دەبێتە یەک بەڕێوەبەرایەتی.
ھەرکی، دەشڵێ: گرنگە حیزب و لایەنەکان بەتایبەت پێکھێنەرە سەرەکییەکانی حکوومەت، پشتگیری ھەنگاوەکانی چاکسازی بکەن، بۆ ئەوەی ھەر چی زووە ھێزی پێشمەرگە ببێت بە ھێزێکی نیشتمانی.
سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، زۆر جددین بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە یەک بگرێتەوە.
سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: پڕۆژەی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی ئەم کابینەیە و خودی سەرۆکی حکوومەت بووە، کە بەڵێنی خۆی بردە سەر و چاکسازیی کرد و بەردەوامیشە؛ بەمەش ئەو ڕاستییە دەرکەوت، کابینەی نۆیەم بەرامبەر خەڵک و پەرلەمان شەفاف و ڕاستگۆیە و لە ئاست بەڵێنەکانیدا بووە. لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەت ھەنگاوی زۆری ناوە، لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان، نەھێشتنی سوودمەندبوونی ناشایستە، ڕێگری لە بەھەدەردانی بودجەی گشتی و بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتییەکان و فەرمانگە و یەکە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بوارەکانی شارستانی، سەربازی و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی یەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروا ڕێکخستنەوەی خانەنشینیی خاوەن وەزیفە پلەباڵاکان و پلەتایبەتەکان لەسەر بنەمای تەمەن و ساڵانی خزمەت و بڕوانامە. لەگەڵ کردنی بایۆمەتری و کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران، کە سەرەنجام دەرکەوت بیست و دوو ھەزار دوومووچە ھەبووە و ئێستە ڕاگیراون؛ ‌ دۆسیەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی بۆ کراوە، خانەنشینیی پلە باڵا جێبەجێ کراوە کە مانگانە چەندین ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.

ھەواڵی زیاتر