ساڵانە یەک ملیار دۆلار بۆ نەشتەرگەری و چارەی نەخۆشیی لە عێراق دەچێتە دەرەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرەڕای ئەوی کە ژمارەی پزیشک و نەخۆشخانەکان زۆر بوون بەڵام هێشتا وەڵامدەری سەرجەم پێداویستییەکان نین و هەندێک لە چارەکان لە ناوخۆ ناکرێن و خەڵک ناچارن بە بڕە پارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دەرەوە چارەی نەخۆشییەکانیان بکەن. بڕی ئەو پارەیەی کە بەم هۆیەوە دەچێتە دەرەوە بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هەرێمی کوردستان کە لە کەرتی تەندروستی هەنگاوی باشی ناوە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ چارەی ئەو گرفتە و ڕێگریی لە چوونەدەرەوەی سەرمایە.

دواین ئاماری لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق، بڕی ئەو خەرجییەی خەمڵاندووە کە بۆ مەبەستی نەشتەرگەری یان چارەی نەخۆشی دەچێتە دەرەوە و بە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری هەژمار کردووە.
لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق ژمارەی ئەو نەخۆشانەی بەمەبەستی چارەکردن یان نەشتەرگەری دەچنە دەرەوەی وڵات، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمی کردووە و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە هەرێمی کوردستان دەیان نەخۆشخانەی پێشکەوتوو کراونەتەوە و زۆربەی پسپۆڕییەکان ئێستا لە هەولێر هەن و زۆر جار تیمی پزیشکی پسپۆڕ لە وڵاتانەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر لێرە نەشتەرگەری و چارەی نەخۆشییەکان تەواو دەکەن لە کاتێکدا پێشتر خەڵک ناچار بوون بۆ ئوردن یان هیند و تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر گەشت بکەن و بەمەش خەرجییەکی زۆر لەسەریان دەوەستا.
هەبوونی ئەو پسپۆڕییە جیاوازانە لە هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ئەوە هەبووە بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراقیش لە جیاتی ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات هەر لە هەولێر چارە وەربگرن، هەندێک نەشتەرگەری لە هەولێر دەکرێن کە پێشتر نەدەکران و تەنانەت حاڵەتی وا هەیە لە دەرەوەی وڵاتەوە خەڵکێک هەیە گەڕاوەتەوە کوردستان و لێرە نەشتەرگەری کردووە.
ئەمەی باس کرا نیشانەی ئەوە نییە کە خەڵک لە کوردستان بۆ مەبەستی چارەی نەخۆشیی نەچنە دەرەوە بەڵکوو لێرەش هێشتا خەڵک گەشتی دەرەوە دەکەن و دەیان کۆمپانیا هەن کە ئەو گەشتانە ڕێک دەخەن و بەمەبەستی چارەکردن خەڵک بۆ وڵاتان دەگوازنەوە.
گرنگ ئەوەیە هەرچەندە ڕێ لە چوونە دەرەوەی ئەو سامانە بگیرێت و لە ناوخۆ پسپۆڕی و تەکنەلۆجیای گونجاو بۆ چارەی نەخۆشان دابین بکرێ ئەوا سوودی بۆ ئابووری ناوخۆ هەیە.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە زۆربەی ئەو خەڵکەی بۆ نموونە لە هیندستان نەشتەرگەرییان کردووە پێوەندییان بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ هەبووە.
باڵوێزخانەی هیندستان لە بەغدا بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەرووی ٦٠٠٠٠ هاووڵاتیی عێراقی بەمەبەستی چارە سەردانی هیندستانیان کردووە.
ڕاجیۆ فەرما، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگەی هیندستان بە ماڵپەڕی ”ئەلعەرەبیە جەدید”ی گوتووە لەگەڵ تیمەکەی هەزار نەشتەرگەرییان بۆ هاوولاتییانی عێراق کردووە و خەرجی هەر نەشتەرگەرییەکیش لە نێوان ٣٠٠٠ تا ٢٥٠٠٠ دۆلار بووە.
ئەوەی سەرنجی ئەو پزیشکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە ئەوەیە زۆربەی نەشتەرگەرییەکان لە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ بوون کە زیان بە بڕبڕەی پشت و ئێسک و جومگەکان کەوتوون و چارەی ئەمانەش بە تەکنەلۆجیای پزیشکیی پێشکەوتوو دەکرێن. ئەو دەڵێ تیمی پزیشکیی پسپۆڕیان ڕەوانەی عێراق کردووە بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە پزیشکان بکەن.

ھەواڵی زیاتر