سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لەم هەفتەیەدا هەرێم و عێراق دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە

دوێنی، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیاکانی نەوت کرد بە چاودێریی شاندی حکوومەتی عێراق، وا چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر، شاندی هەرێم و شاندی حکوومەتی عێراق، لەم چەند ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەبێت دوای ئەوەی گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەوەی تا ئێستا زانراوە، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، چونکە لە چەند رۆژی رابردوو بە چاودێری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شاندی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی چڕ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە و ئەنجامی باشی هەبووە. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت.
هەر بەپێی چەند سەرچاوەیەک، لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، دوو ئەندامیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و دوو ئەندامیش لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، بە تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها هەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراقی بۆ داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و تەنیا یەک کەس دەسەڵاتی راکێشانی پارەکەی هەبێت.
جێگای ئاماژە پێکردنە، سەرجەم کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێم و شاندی حکوومەتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئیجابی بووە و ئیستە لە هەمووکات زیاتر لە ڕێککەوتن نزیکن.