ئەمرۆ دووشەممە 2023.4.3، لە سەر فەرمانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ کوردى، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە دەستکردن بە هەڵمەتێکى گشتگیرى گۆڕینى تابلۆى شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ کوردى ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەراى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆ و نوێنەرى ژوورى بازرگانى و بەڕێوەبەرانى سەرجەم شارەوانییەکان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى تەئکید کردنەوە لە جێبەجێکردنى ههردوو فەرمانى ڕێزدار مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، کە لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەریکرد، جەختى لە گرتنەبەرى رێككارى پێویست بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان کردەوە و سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپێردران دواى کۆتاى هاتنى ئەو مۆڵەتەى کە لە 2023.2.25 تاکو 2023.4.1 درابوو بە شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ گۆڕینى تابلۆکانیان بۆ کوردى، دەست بە هەڵمەتێکى گشتگیرى بکەن بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان، شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، هەرکەس و خاوەن شوێنێک کە لە ماوەى ئەو مانگەدا تابلۆكانی نهگۆڕیبی بۆ کوردى و هوتێل، ریستۆرانت، چێشتخانە، کافتریا، سەرجەم شوێنه گهشتیارییهكانیش، لیستی خواردن و رێبهربەرى گەشتیاریان نەکردبێت به كوردی، وەک قۆناغى یەکەم ڕێکارى پێبژاردنیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.