پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، یەکێک لە بنەماکانی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ئیدارەدانی پرسی ئاو بووە. لەم بارەیەوە کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێم دواوە.
لەم کابینەیەدا توانراوە جڵەوی لافاو بکرێت
کاروان سەباح هەورامی لەبارەی جڵەوکردنی لافاو بەتایبەتی لە شاری هەولێر، گوتی: “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران، تیمێكی تەكنیكی پێك هێنا بۆ لێكۆڵینەوەی گرفتی لافاوی هەولێر. دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، كۆمەڵێك ڕێچارە پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هەولێر. ئەوانیش دوو بەش بوون، بەشێكیان كرداری خێرا بوو بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی لافاو بەشێوەیەكی كاتی، بەشی دووەمیش پلانی درێژخانە بۆ گلدانەوەی ئاوەكە. بۆ ئەم مەبەستەش پلانە كورتخایەنەكە بریتی بوو لە خاوێنكردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاو كە بە ناو شاری هەولێردا تێپەڕ دەبن و هەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ دەستكردەكانە كە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی باراناو دەبەن، جگە لەوەش ژمارەیەك لەو پردانەی دروست كرابوون لەسەر ڕێرەوە سروشتییەكان فراوان كران، بۆ ئەوەی زیاتر ئاو لەخۆ بگرن. پلانە درێژخایەنەكە ئەوە بوو، ئەو ئاوی بارانەی دەبارێ، كۆی بكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی ژمارەیەك پۆند كراوە لە بەشەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەو ستریم و ڕێڕەوە ئاوییانەی هەیە،كۆمەڵێك پۆند دروست بكرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە؛ هەندێكیان نەخشەکارییان تەواو بووە و هەندێكیشیان لەژێر پڕۆسەی نەخشەکاریین و لە دوای هاوینەوە، بە كردەیی دەستیان پێ دەكرێت”.
تەرخانکردنی ٣٦ ملیۆن دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو
“لەبارەی لایەنی دارایی ئەو چارەسەرەوە دەڵێ: “ئەنجومەنی وەزیران 36 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوی شاری هەولێر تەرخان کرد. لەو 36 ملیۆنە نزیكەی 22% تەرخان کرا کە نزیكەی 8 ملیار دینار بوو، خۆشبەختانە وەكو قۆناغی یەكەم، بەو بڕە پارەیە هەولێر پارێزرا لەو لافاوانەی ڕووی دەدا، ئەگەر تەواوی بڕی پارەكە تەرخان بكەین، نەك تەنیا هەولێر دەپارێزین، بەڵكوو كۆمەڵێك پۆندی گەورە دروست دەكەین و ئاوی باران كۆ دەكاتەوە و سوودی گەشتیاری و سوودی ژینگەییان دەبێت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، بەتایبەتی لە بەشی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵات”.
حکوومەت کاری باشی بۆ پرسی ئاو کردووە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین جێدەستی لە بواری پڕۆژەكانی ژێرخانی بواری ئاو دیارە، لەبەر ئەوەی لەم بوارەدا ژێرخانی لاوازمان هەیە و ئیشكردن تێیدا زوو ئەنجامەكەی دیار ناكەوێت. پێویستی بە كاتی زۆرە بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی ببینین. بۆیە دەتوانین بڵێین كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەچەرخانێكی گەورەی لە بواری ژێرخانی ئاودا كردووە و ئەنجامەكەشی لە ساڵانی داهاتوودا دەبینین، چ لە بواری یاسایی و ڕێساكان، چ لە بواری ژێرخانی ئاو و جۆرییەتی ژێرخانەکەی. هەرچەندە پێشووتریش كاری زۆر كراوە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی لە كابینەی نۆیەم كراون بەرانبەر بە تێچووەكانیان توانایان زۆر زیاترە، بۆیە دەبینین تێچووی دروستكردنی یەك پۆند لە 1،6 ملیار دینارەوە دابەزیوە بۆ خوار 0،8 ملیار، واتە نزیكی نیوەی تێچووی ئەو پۆندانەیە كە پێشتر دروست كراون”.
ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆندی نوێ وەرگیراوە
دەشڵێت: ” تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، ڕەزامەندی دراوە لەسەر دروستكردنی 37 پۆند لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش ڕەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی ڕەزامەندیی داراییدایە. كەواتە بە كۆی گشتی، ساڵی ڕابردوو ڕەزامەندیی 41 پۆندمان وەرگرتووە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێ و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە و هەندێكیشیان كێشەی زەویوزاری هەیە. خەریكی چارەسەركردنی ئەم كێشانەین لەگەڵیاندا، بۆیە وەكوو كابینەی نۆیەم، پێمان باشە هەموو گوندێك سەرچاوەیەكی ئاویی مسۆگەری هەبێ و ئەو سەرچاوە ئاوییەش پۆندێك بێت، یان لایەنی كەم گوندێك بەتەنیا یان دوو گوند پۆندێكیان هەبێ، بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی ئاویی بەردەوامیان هەبێت”.
پۆندسازی پێویستی بە هاوکاریی خەڵک و گوندنشینانە
هەورامی دەشڵێت: “پڕۆژەکانی پۆند پشتی بە توانای ئابووریی دەوڵەت و هاوکاریی خەڵک بەستووە. چونکە زۆرجار خەریکی پڕۆژەیەک دەبین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار کێشەی زەویوزار و کۆمەڵایەتی دێنە پێشەوە. بۆیە زۆر گرنگە کە خەڵکی ئێمە زیاتر هاوکار بن و تێمان بگەن، بەوەی زۆرجار کێشەی زەویوزار و گرفتی کۆمەڵایەتی بارگرانی بۆ ئێمە دروست دەکەن، ڕاگرتنی پڕۆژە کۆمەڵێک کێشەی کارگێڕی و داراییمان بۆ دروست دەکات. بەهیواین گوندنشینان و جوتیاران کارئاسانکەر و هاوکار بن، تا ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتیان بکەین. قازانجی پۆند بۆ خەڵکی گوند قازانجێکی ئابوورییە، چونکە سەرچاوەی ئاویان بۆ دابین دەکات بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و ئاوی ژێرزەوی و مەترسی لافاو کەم دەکاتەوە. دواجار پڕۆژەکە بۆ خزمەتی خەڵکی گوندەکەیە. بەداخەوە لە زۆر شوێن کێشەمان بۆ دروست دەکرێت، ئەوەش وا دەکات پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرێت، یان ناچار بین پڕۆژەکە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە بگوازینەوە”.
دۆخی ئاوی سەرەزەوی باشە و هیی ژێرزەوی خراپە
لەبارەی ئاوی ژێرزەوییەوە ناوبراو گوتی: “ئەگەرچی بارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیی باشتر بوو، لە ناوچەکانیش جیاجیا بوو، بەڵام جۆری دابارینەکە دابەش و بە قۆناغ بوو؛ ئەوە هاوکاریی بووژانەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی کرد. سەبارەت بە ئاوی ژێرزەوی ئاستەکەی نزمە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش تەنانەت لەم مانگە، بە گوێرەی ئەو خوێندنەوانەی ئێمە وەرمانگرتوون، لە هەندێک شوێن مەتر-دوومەتر کەمترین لە ساڵی ڕابردوو. لەلایەکی دیکەوە ئێمە دەمانەوێت بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەی دەستکرد دروست بکەین. لەم ڕووەوە لەسەر دوو ئاست کار بۆ بووژانەوە و پاراستنی دەکەین. یەکەم، ڕێنماییەکانی بیرلێدان توندوتۆڵ کراوە و ڕۆژانە ئامێرەکانی بیرلێدانی نایاسایی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنیا لە کۆگەکانی هەولێر، نزیکەی ٣٠٠ ئامێری نایاسایی لێدانی بیر دەستی بە سەردا گیراوە.
لە ئاستی دووەم، دوو کار دەکەین، یەکەمیان خستنەناوەوەی ئاوە بۆ ژێرزەوی، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک بیری قووڵ و تەنک، لەو ڕێگەیەوە ئاوی لافاو و سەرزەوی دەخرێنەوە ژێر زەوی. هەڵبەت ئەمەش بە کۆمەڵێک کاری زانستی، چونکە دەبێت ئاوەکە پاک بێت. پڕۆسەی دووەم بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی بەڕازیل، خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک بەربەست یان گۆمین کە لە ڕێگەیەوە کانیاوەکان ببووژێنینەوە، ئەوەش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجییەوە، بۆ کۆکردنەوەی ڕێڕەوی ئاوی و گواستنەوەی ئەو شوێنانەی کە دەکرێت کانییەکانی لێوە ببووژێنینەوە”.
حکوومەت سیاسەتی هەرەوەزی بۆ کارگێڕیی ئاو گرتووەتە بەر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر باشی بە ئاو داوە، کۆمەڵێک بیر ئامادە دەکرێن بۆ هاوینی ئەمساڵی شاری هەولێر و شارە گەورەکان، بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوییمان نەبێت. لەسەر ئاستی درێژخایەنیش کار بۆ ڕاکێشانی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکان و ڕووبارییەکان بۆ ناو شارەکان دەکرێت. حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بۆ کۆکردنەوەی ئاو؛ ئەویش پۆندە هەرەوەزییەکانن کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتییان و گوندنشینان دروست دەکرێن، بۆ ئەوەی زۆرترین پۆند بە کەمترین تێچوو دروست بکرێت لەسەر بنەمای زانستی و جیۆلۆجی و هایدرۆلۆجی. بۆیە ئێمە گەشبینین بەوەی پۆندە هەرەوەزییەکان دەبێنە خاڵی وەرچەرخان لە بواری ئیدارەدانی ئاوی سەر زەوی. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنماییی هەرەوەزیی پۆندەکان دەرکراوە، لەسەر ئەو ڕێنماییە هەرکەس دەتوانێ پۆن دروست بکات”.
ئەرکە داراییە گەورەکە لەسەر حکوومەتە
دەشڵێت: “ئەگەرچی هێشتا لە قۆناغی سەرەتای ئەو پڕۆژەیەین، بەڵام لەڕووی داراییەوە، ئێمە پکشنینە زانستی و کیمیاوی و فیزیاییەکان دەکەین، دیزاینی پۆندەکەش دەکەین. تێچووەکەی بەش دەکرێت، بەشە گەورەکەی حکومەت دەیکات، ئەوەی دیکەش لەسەر گوندنشینان و خەڵکە، ئامانجەکە دروستکردنی هاوکاری و هەرەوەزی و کارکردنی پێکەوەییە، هەم لە دروستکردن و هەم لە ئیدارەدان. ئەمە پڕۆسەکە زیاتر پێش دەخات و خێراتری دەکات، کاتێکیش خەڵکی گوندەکە دێنە ناو پڕۆژەکە، پڕۆژەکە کەمتر کێشەی بۆ دروست دەبێت.