ئارام برادۆستی، بەرپرسی ئوفیسی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لقی هەولێر: لەو وادەیەی کە دیاری کراوە کۆمیسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردن بکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئارام برادۆستی، بەرپرسی ئوفیسی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، لەم چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند: ئەو وادەیەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، زۆر باشە و ئەگەر پەرلەمان دوو ھەنگاو بنێت دەتوانین لە وادەی خۆیدا ھەڵبژاردن بکەین.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠١٤ پێکھاتووە، ٩ ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ھەیە کە بەسەر پێنج لایەن دابەشکراون، پارتی سێ ئەندام کە ئێستە دووانیان نەماون و دەبێت دوو ئەندامی کۆمیسیۆن دابنێت، کە یەکێکیان تورکمان بێت. یەکێتی دوو ئەندام، بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەندام، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەک ئەندام و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەک ئەندامیان ھەیە. ھەروەھا لە ١٢ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیسیۆن، چواریان پارتی، سێیان یەکێتی، سێیان گۆڕان، یەک یەکگرتوو و یەکێکیان کۆمەڵە.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن لە ٢٣-١٢-٢٠١٩ـەوە ماوەی یاسایی بەسەرچووە، ئێستە دوو کورسیی ئەنجوومەنەکە بەتاڵن، یەکێکیان کورسیی پێکھاتەی تورکمان و ئەوی دیکەشیان کورسییەکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بڕیار بوو ١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لە بارەی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، نەتواندرا لەو وادەیە ھەڵبژاردن بکرێت، ئێستە لایەنەکان نیمچە کۆدەنگییان ھەیە بۆ ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و لەسەر بەشێکی زۆری خاڵە ناکۆکەکانی پێشوو ڕێککەوتوون، بەتایبەت پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری.
ڕۆژی ١٥-٣-٢٠٢٣ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی پێکھێنابوو. ئەندامانی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پێکدێن لە: بژار کۆچەر، نوێنەری پارتی. عەباس فەتاح، نوێنەری یەکێتی. بەڵێن ئیسماعیل، نوێنەری گۆڕان. روبینە ئوملیک، نوێنەری ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کلد و ئاشوورییەکان. سارا دڵشاد چاوشلی، نوێنەری فراکسیۆنە تورکمانییەکان. لە ٥ـی نیسان تا ١٥ـی نیسان سیڤیی بەربژێران بۆ ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەردەگیرێت.
یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان کە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٢ دەرچوو، ھەرێمی کوردستان دەکات بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن کە تێیدا لایەنەکان دەتوانن کێبڕکێی بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان بکەن و ١١ کورسی بۆ پێکھاتەکان دەبێت. بە گوێرەی یاساکە، ئەو پارتانەی کە لە کۆی گشتیی بەشداربووانی ھەڵبژاردن زۆرترین دەنگ بەدەست دەھێنن دەتوانن زۆرترین کورسی پەرلەمان ببەن.

*ھیچ ھەنگاوێک بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن نراوە؟
-بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی ٥ کەسی پێکھێناوە، کە ڕێکارەکان تەواو بوون دەست بە ئامادەکاری دەکەین، چونکە لە کۆمیسیۆن دوو کەس نەماون، بۆ ئەوەی شوێنی ئەو دوو کەسە پڕ بکرێتەوە پەرلەمان سیڤیەکان وەردەگرێت. پەرلەمان لە بەرنامەیدایە لە دانیشتنەکانی داھاتوو متمانە بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدات، لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ڕێککەوتوون، کە پێشتر لایەنەکان ناکۆک بوون لەسەری، تەنھا ھەندێک وردەکاری کەم ماوە.

+ئایا بۆ کۆمیسیۆن ھەڵبژاردن فڕە بازنەیی بێت یان یەک بازنە، باشترە؟
-بەو یاسایەی کە ئێستە ھەیە ھەڵبژاردن دەکرێت و ھیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ھەموارکردنەوەی یاساکە خواستی کۆمەڵێک لایەنی سیاسییە، ھەموارەکە کێشەی نییە، بەڵام یەک لە ناکۆکی لایەنەکان لەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن ئەوەیە، ھەڵبژاردن یەک بازنە یان چوار بازنە بێت، تۆماری دەنگدەران چۆن بێت، پێکھاتەکان بە چ شێوەیەک دەنگ بدەن، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن یەک بازنە بێت، یان چوار بازنە کێشە نییە و کۆمیسیۆن بەپێی یاسا پێوە پابەند دەبێت، بەڵام وەکو ڕێکار و کردنی پڕۆسەکە یەک بازنەیی بۆ کۆمیسیۆن ئاسانترە.

*لەو وادەی کە سەرۆکی ھەرێم دیاری کردووە دەتوانن ھەڵبژاردن بکەن؟
-ئەوە دەمێنێتەوە سەر لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان، ئەوان تا چەند دەتوانن ئەو کارانە بکەن کە لە سەر شانیانە، ئەگەر ئامادەکاریەکان لەو مانگەدا تەواو بکەن، کۆمیسیۆن دەتوانێت لەو وادەی کە سەرۆکی ھەرێم دیاری کردووە ھەڵبژاردن بکات و ھیچ کێشەیەک نابێت.

*کەواتە وەکو کۆمیسیۆن ھیچ کێشەیەکتان لەگەڵ کاتەکە نییە؟

  • ئەو وادە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردن دیاری کردووە زۆر باشە و دەتوانین لە وادەی خۆیدا ئامادەکاریی تەواو بکەین و ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام پێویستە پەرلەمانی کوردستان دوو ھەنگاو بنێت، ئەویش یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکاتەوە و کۆمیسیۆنیش کارا بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین دەست بە ئامادەکارییەکان بکەین بۆ کردنی ھەڵبژاردن.

*وەکو کۆمیسیۆن پێویستییەکانی ئێوە چین؟
-لای کۆمیسیۆن کات زۆر گرنگە، شەش مانگمان پێویستە بۆ ئەوەی ھەموو ئامادەکاریەک بۆ ھەڵبژاردن بکەین، ئەوەی دیکە ھەموو شتێک ئامادەیە و کێشەیەکی وا نییە؛ سەرۆکی حکوومەتیش ئامادەیی حکوومەتی نیشانداوە بۆ ھەموو ھاوکاریەک، بۆیە ھەر کاتێک کۆمیسیۆن کارا کرایەوە تیمی سەرپەرشتیاری ھەڵبژاردن ئامادە دەبن بۆ پڕۆسەکە.

*تۆماری دەنگدەرانی عێراق کێشە بۆ ئێوە دروست ناکات؟
-نەخێر کێشە دروست ناکات، بەڵام دەبێت حکوومەتی ھەرێم، کۆمیسیۆن و لایەنەکان لەگەڵ یەکدی ھاوکار بن. ئەگەر بڕیار بێت تۆماری دەنگدەرانی عێراق و پێداویستییەکانی کۆمیسیۆنی عێراق بەکاربھێنین، دەبێت ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن. لەگەڵ ئەوەی لە کاتی ھەموارکردنەوەی یاساکە ئاماژەی پێ بدرێت و میکانیزمیشی بۆ دابنرێت، بەوەش ڕێککەوتن لە نێوان ھەردوو کۆمیسیۆنی ھەرێم و فیدراڵ دەکرێت بۆ بەکارھێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق.

ھەواڵی زیاتر