سامانی حاجی فایەق، خاوەنی پرۆژەی شاری دایک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاوڕێ مەلا ستار رۆژی چوارشەممەی رابردوو داوای لێکردووە لە کڕینی شووقەکەیدا داشکاندنی بۆ بکات، هەرچەندە ئەو گوتوویەتی “بەڵێنت پێنادەم و وەڵامت دەدەمەوە، بەڵام هاوڕێ مەلا ستار بە نامە و لەرێگەی پاسەوانەکانیەوە هەڕەشەی لێکردووە”.
ئەمڕۆ لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان پاسەوانەکانی هاوڕێ مەلا ستار و خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون.
سامانی حاجی فایەق، کە خاوەنی هۆتێل هایکریست و پرۆژەی شاری دایکە لە سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت: هاوڕێ مەلا ستار تەنیا بە هەڕەشەکردنەوە نەوەستاوە و بە هێزێکەوە هێرشی کردووەتە سەر هۆتێل هایکریست و ویستوویەتی بیڕفێنێت.
خاوەنی پرۆژەی شاری دایک بە گوتەی خۆی، ئەمڕۆ پێش رووداوی شەڕە تەقەکە، پاسەوانی پرۆژەکەی لە بابەتەکە ئاگادارکردووەتەوە و دواتریش پێکدادان روویداوە و دوو پاسەوانی پەرلەمانتار، هاوڕێ مەلا ستار برینداربوون.
هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتار لە پشکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانە.