وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمدا پەیامێکی ئاراستەی دایک و باوکانی تووشبوانی ئۆتیزم کرد و تێیدا هاتووە: پشوو درێژ بن و بەردەوام بن لە چاودێریکردنی مناڵەکانتان، ئێمەش پشت و پەناتان دەبین لە رێگەی سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە.
لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: لەم یادەدا جێگەی خۆیەتی دەستی ماندوونەبونی دایکان و باوکانی تووشبوانی ئۆتیزم بگوشین و پێیان بڵێین ئەرکتان قورسە و بارگرانیەکی زۆرتان لەسەر شانە، بەڵام باشترین و کاریگەرترین کەس بەپێی لێکۆڵینەوەکان کە ببێتە رزگارکەری ئەو توشبوانە، دایکان و باوکانە، بۆیە پشوو درێژ بن و بەردەوام بن لە چاودێری کردنی مناڵەکانتان، ئێمەش پشت و پەناتان دەبین لە رێگەی سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە.
ئاماژە بەوەشدرا، بە ھەوڵی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەنتەری ئۆتیزم لە ھەڵەبجە، کۆیە و حاجی ئاوا کراونەتەوە.
بە گوێرەی پەیامەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، توشبوانی ئۆتیزم بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حکومیەکان چارەسەر وەردەگرن و لە فڕۆکەخانە لە ھیچ خاڵێک سەرە ناگرن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە رێنماییەکانی تایبەت بە کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم ھەموار کراونەتەوە و کارئاسانی زۆری تێدا کراوە بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمی ئەھلی و کردنەوەی سەنتەری 24 کاتژمێری.