شیڤان شێرزاد
بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ١٢ مین خولی پێشبڕکێی قورئان خوێندن و لەبەر کردن لە هەولێر بە ئامادەبوونی هەریەک لە (د. پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (نەبەز عەبدولحەمید) قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە سەرپەرشتی بنەماڵەی حاجی یەحیا باجگر بەڕێوەچوو.
لە پێشبڕکێکەدا چەند قوتابی ئارەزوومەندی قورئان خوێندن لە ژنان و پیاوان تێیدا بەشداربوون و توانیبوویان لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی ئایەت و تەفسیرەکانی قورئانی پیرۆز لەبەر بکەن، لەم پێشڕکێیەشدا لێژنەی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری خولەکە خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشیە ئەو ئارەزوومەند و بەشداربووانە.
د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف سەبارەت بە ئەنجامدانی پێشبڕکێیەکە گوتی: ساڵانێکە زۆرە بنەماڵەی حاجی یەحیا لە هەولێر سەرگەرمی ڕاهێنانی نەوەیەکی نوێن لە قورئان خوێن و کار و پڕۆژەی جوانی خێرخوازیی و ئاوەدانی هەولێر، بۆ ئەمساڵیش توانیان دوانزەمین خولی پێشبڕکێی قورئان خوێندن و لەبەر کردن بەڕێوەببەن، کە خۆشبەختانە توانرا چەندین ئافرەت و پیاوی شارەزا و بە توانا بێننە پێشەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو، بە ئەزموونی جوانی خۆیان خزمەت بە ڕەوتی ئایینی بکەن و نەوەکی جوان پەروەردە بکەن.