شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

چاودێرێك بۆ ستران عەبدوڵا: تۆ كە كوڕی سیخووڕێكی بەعس بوویت، بۆت نیە باسی خەبات و شۆڕش و شەهیدان و رەنج و ئەزموون بكەیت

چاودێرێكی سیاسی، كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركووكه‌، وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت كە بوونی كەسێكی وەك ستران عەبدوڵا لەنێو ئەو حزبە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسانێكی زۆر لەنێو یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانیدا هەن، نەك هەر بە كوردستانەوە ماندوو نەبوون، بگرە دوژمنایەتیشیان كردووە، روونیشی دەكاتەوە مادام خەڵكی وەك ستران عەبدوڵا لەم ئەزموونی حوكمڕانیەی هەرێمی كوردستان رازی نیین، بەدڵنیاییەوە ئەوە نیشانەی سەركەوتوویی ئەم ئەزموونەیە. 

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لە چوارچێوەی پرتەوبۆڵەكانی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە شكستە یەك لە دوای یەكەكانیان، نووسینێكی لە میدیاكانی حزبەكەی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە یەكێتییەكان بە هەرێمی كوردستانەوە ماندوو بوون، وەك هەمیشەش بە ڕیزكردنی كۆمەڵێك زانیاریی درۆ، هێرشی كردووەتە سەر پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەوەش سەیرتر ئەوەیە، ستران باسی خەبات و شەهیدان و رەنجی گەل و مافی خەڵك و ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكات!

لە بەرامبەردا لوقمان كاكەیی، چاودێری سیاسی و خەڵكی كەركووك راگەیاند: ”ئه‌گه‌ر كاتی خۆی سه‌ركردایه‌تیی كورد سزای خیانه‌تكارانی بدایه‌، كه‌ له ‌مێژوودا دژی گه‌لی كوردستان و خاكی كوردستان دەیانكرد،‌ ئێستا كەسێكی وەك ستران به‌و شێوه‌یه‌ جورئەتی قسەی نەدەبوو، چونكە هەموومان دەزانین ستران كێیە و لە كوێوە هاتووە!“

ڕوونیشی كردەوە: ”ستران وا قسە دەكات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ و ئه‌م قه‌وارهیە‌ی هه‌یه‌، به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئێستای حزبه‌كه‌ی جه‌نابی یان بە خەباتی باوكە سیخووڕەكەی بەعسی كرابێت! له‌پای چی دەیەوێ مێژووی گه‌لێك بشێوێنێ؟ مەگەر هەر ئەو ئەزموونە نییە كە ماوە نا ماوە حزبەكەی ستران عەبدوڵا خیانەتی لێ دەكات و هەوڵی تەسلیمكردنەوەی بە بەغدا و میلیشیاكان دەدات؟ نزیكەی 100 ساڵە خەڵكی كوردستانی باشوور شۆڕش و خەبات بۆ مافەكانیان دەكەن، مستەفا بارزانی دوورترین رێگای بڕی لەپێناو ئەو گەلە، هەر لەم مانگی ئادارەدا هەزاران كەس لە كوردستان خۆیان كردە قوربانیی دروستكردنی ئەزموونێكی وەكوو ئێستا، كە بەداخەوە یەكێتی بە تاڵانی و تیرۆر دەیەوێ لەبەرچاوی نەوەی ئەمڕۆ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرینی بكات.“

ئەو چاودێرە پێیوایە: ”دابه‌شكاری له‌ مێژووی خه‌بات و قوربانیدانی كورد، هاوشێوەی سترانه‌كان دروستیان كردووه‌، ئاخر ستران كوڕی موختارێكی بەعسیی كەركووك بوو كە گەنجانی كوردی كەركووكی دەگەیاندە زیندان و لەسێدارەدان لە سەردەمی بەعسدا، هەركەس بڕوا ناكات با بڕوات لە كەركووكییەكان بپرسێت، بۆیە ستران لە خەمی ئەوەدا نیە كوردستان لەت بێت یان نەمێنێت، هەر كەس بۆی هەبێت باسی رەنجی گەل و شەهیدان و قوربانیدانی نەتەوە و ئەزموونی هەرێمی كوردستان و مافی خەڵك بكات، بەدڵنیاییەوە ستران بۆی نیە، چونكە خۆی باش دەزانێ بە دەستی سیخووڕێكی بەعس پەروەردە بووە.“

جەختیشی كردەوە: ”ستران بەو باگگراوندە خراپەیەوە! ده‌توانێت تەنیا له‌سه‌ر حزبه‌ شه‌قوشڕە‌كه‌ی ئێستای خۆی قسه‌ بكات، یه‌كێتی له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بووبێت، چه‌ته‌گه‌ری و مافیاگه‌ری له‌وێ بووه‌ و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵی خه‌ڵك و گرێدانی لینكی خیانه‌ت پیشەی حزبەكەی سترانە، ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و هەموو رووداوەكانی دوای ئەو و تا ئێستاش بەڵگەی قسەكانی ئێمەن، ستران عەبدوڵا بە هەمان ئەو كارەی باوكە موختارە بەعسییەكەی دەیكرد، بە هەمان میكانزم لەنێو یەكێتییدا چووە پێشێ، هەموو یەكێتییەكان و بەتایبەتی میدیاكارانی ئەو حزبە، باش دەزانن ستران عەبدوڵا لەنێو یەكێتییدا بە راپۆرت نووسین لەسەر هاوكار و هەڤاڵەكانی خۆی و مل شكاندنیان چووە پێشەوە، ئەم یەكێتییەی ئێستا هەر شایانی خەڵكی وەكوو سترانە قسەی بەناوەوە بكات.“

دووپاتیشی كردەوە: ”ئه‌وان پرۆژه‌ی بازرگانی بە كوردستانەوە و چه‌ته‌گه‌ری و دروستكردنی په‌یجی ساختە و تێكدانی دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتیی گه‌لی كوردستان و كاركردن له‌سه‌ر لاوازكردنی ئینتیمای نیشتمانی و ناشرینكردنی پێشمه‌رگه‌ و بێبەهاكردنی قوربانیی گه‌لی كورد، بووەتە پیشەیان، بەدڵنیاییەوە بەرگریكردن لەو كارە ناشرینانەش بە خەڵكی وەكوو ستران دەكرێت، بەڵام هەرگیز بۆیان نیە و ناتوانن به‌ ناوی خەباتگێڕان و قوربانیدانی شه‌هیدانەوە قسه‌ بكه‌ن، ئاخر بەشێكی زۆر لە شەهیدانی كوردی كەركووك، بە راپۆرتەكانی باوكی ستران لەسێدارە دران و لەژێر ئەشكەنجەی زیندانەكاندا گیانیان بەخشی.“