شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

عەلی تەتەر: شەڕی پەکەکە رێژەی بێکاری لە دهۆک زیادکردووە

پارێزگاری دهۆک دەڵێ شەڕی پەکەکە رێژەی بێکاری لە پارێزگاکەیان زیادکردووە ئاشکراشی دەکات، بەهۆی شەڕی پەکەکەوە زیاتر لە 330 گوند لەو سنوورە چۆڵکراون.

عەلی تەتەر، پارێزگاری لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، یەکەم نەبوونی پارێزگای دهۆک لە تۆمارکردنی کەمترین رێژەی بێکاری، بەهۆی زیانەکانی شەڕی پەکەکەوە بووە بۆ سەر پارێزگاکەیان.

گوتیشی: بەشێکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان بەهۆی پەکەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و ئەمەش بێکاری کردوون.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 8ـی ئاداری 2023 رایگیاندبوو، بەهۆی پێکدادان و شەڕی پەکەکەوە زیاتر لە 800 گوندی هەرێمی کوردستان خاپوور بوون و حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە دەستی ئاوەدانیان بۆ ببات. گوتیشی: بێگومان هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە ئەم شەڕە بەرەو کۆتایی بڕوات تا بتوانین خەڵکی خۆمان بەرەو ئەو ناوچانەش بگوازینەوە.