ئاراس جەبار ،شارەزای بواری كەشناسی بڵاویكردۆتەوە كە سبەی ھەینی 31-3-2023 كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەرییەكە بەتەواوی دەگاتە ناوچەكانمان و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو لەگەڵ بارینی بارانێكی مامناوەند و پچڕ پچڕ بەجیاوازی كات و ناوچەكان و بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا .
هەروەها دەڵێت: زۆربەی كاتەكان خێرایی با لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە چالاك ئەبێت بەخێرایی 15 تا 35كم/س ، پلەكانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ لەسەرجەم ناوچەكان 6 تا 8 پلەی سەدی نزمدەبنەوە و كەش بەرادەیەكی بەرچاو سارد ئەبێت .
دەشڵێت: لەكاتەكانی سبەی ئێوارەوە كاریگەری ئەم بارستە ھەوا ساردە زیاتر ئەبێت و ئەگەری بەفر بارین لە سەنتەری ئەم ناوچانەدا ئەبێت ( ئامێدی ، بامەرنێ ، چەمانكێ ، باتیفا ، شیلادزێ ، بارزان ، مێرگەسوور ، سۆران ، سیدەكان ، پێنجوێن ، بەرزنجە ، چوارتا ، ماوەت ) بەگشتی لەتەواوی ئەو ناوچانەی 800 – 1000 مەتر لەئاستی ڕووی دەریا بەرزن لەكاتە جیاوازەكانی سبەی شەودا ئەگەری بەفر بارینیان ئەبێت بەرێژە و بڕی جیاواز كە لەھەندێ ناوچە تەنھا پروشە بەفر ئەبێت وەك سەنتەری شاری سلێمانی و بەرزاییەكانی شارەكە ، لەناوچە شاخاویەكانیشدا رێژەی دابارین زیاتر ئەبێت لەنێوان 2 تا 10 سەنتیمەتر .
ئاماژەی بۆ ئەمەشكردووە، بەگشتی بەرەبەیانی رۆژی شەمە 1-4-2023 بەفر و بارانبارینەكە كۆتایی پێدێت بەڵام كاریگەری بارستە ھەوا ساردەكە لەسەر ناوچەكە بەردەوامی ئەبێت و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی نزم و جێگیر ئەمێنێتەوە .