حاكم ئازاد: ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌خلاقی سیاسیی هه‌بێت پاره ‌ناداته‌ ئه‌و په‌یجانه‌ی ڕۆژانه‌ دڵی نه‌یارانی كوردستان خۆش ده‌كه‌ن

نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان باس له‌ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو سایت و په‌یجانه‌ ده‌كات کە له‌لایه‌ن گرووپه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ سه‌پۆرت ده‌كرێن به ‌مه‌به‌ستی سیاسی و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی میدیاكان.

ماوه‌یه‌كه‌ میدیایه‌كی ئاراسته‌كراوی زۆر له‌ كوردستاندا وه‌ك سه‌پۆرتكراوی پرۆژه‌ی سیاسی كار ده‌كات، به‌شێكی زۆری ئه‌و میدیایانه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی به ‌مه‌به‌ستی به‌لاڕێدابردنی پرسه‌ نه‌ته‌وەیی‌ و نیشتمانییه‌كان ڕۆژانه‌ هه‌واڵێكی زۆر ناڕاست و سیناریۆی دروستكراو ئاماده‌ ده‌كه‌ن و گرافیك و داتای ناڕاست بۆ پرسه‌كان زیاد ده‌كه‌ن، ئامانج له‌م میدیایانه‌ دروستكردنی ڕایه‌كه‌ دژی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، بۆ نموونه،‌ هاندان و ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، یان پرسی نه‌وت كه‌ پرسێكی نیشتمانییه،‌ یان هه‌ڵمه‌تی پێچه‌وانه‌ بۆ پارێزگاری له‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، جیا له‌وه‌ش، ئه‌م میدیایانه‌ هه‌ندێك جار ڕۆڵی هاندان ده‌بینن له‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تی و هاندانی خه‌ڵك بۆ بڕیاری حكوومه‌ت وه‌ك بابه‌تی پێوه‌ری ئاو و سیسته‌می زیره‌كی كاره‌با. جیا له‌وه‌ش، هاندانی خه‌ڵك بۆ پشتیوانی له‌ نه‌یاران و زه‌قكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ دژی كوردستان بێت لێره‌ له‌ ڕێگای ئه‌و میدیایانه‌وه‌ سپۆنسه‌ریی بۆ ده‌كرێت و ده‌كرێته‌ هه‌ڵای میدیایی.

حاكم ئازاد حه‌مه‌ئه‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌وه‌ بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی ڕۆژنامه‌نووس به‌پێی یاسای ژمارە ‌4ی سالی 1998ی سه‌ندیگای ڕۆژنامه‌نووسان کە یاسایە‌ و ڕێنمایی نییه،‌ ئەوەیە کە ده‌بێت هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسێكی پرۆفیشناڵ پابه‌ندیی پێوه ‌بكات له‌ مادده‌ی 4 بڕگه‌ی 8دا ده‌ڵێت: ئه‌ركی ڕۆژنامه‌نووس پشتیوانیكردنه‌ له‌ خه‌باتی گه‌لی كوردستان لەپێناوی به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان و له ‌بڕگه‌ی 11ی هه‌مان ماددەدا‌ دەڵێت: پاراستن و به‌رەوچاكتركردنی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییەکان، بۆیه‌ ئه‌مه‌ی ده‌كرێت له‌ كوردستان ‌دژی هه‌موو میساقێكی شه‌ره‌فی كاری ڕۆژنامه‌نووسی و یاساشه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌نگێك په‌یدا بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌نگی ڕۆژنامه‌گه‌ری نییە، به‌ڵكوو ده‌نگی پرۆژه‌ی نه‌زۆكی سیاسییە، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و میدیایه‌ی كه‌ ئێستا به‌ نه‌زۆكیی سیاسی كار ده‌كات، هه‌میشه‌ ‌دژی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و پشتیوانی ده‌هۆڵی دوژمن بوون، هه‌ركاتێك خه‌به‌رێك له‌سه‌ر كوردستان به ‌ئاراسته‌ی خراپ هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له‌ قڕۆڵی دار دۆزیبێته‌وه‌، دڵیان پێی خۆشه‌ و هه‌ركاتێك ئاڵنگارییه‌ك بۆ كوردستان بێته‌ پێشه‌وه‌ ئیتر ئه‌وان شاگه‌شكه‌ ده‌بن نازانن چ ئازایه‌تییه‌ك له‌و بانگه‌شانه‌دا هه‌یه‌.

گوتیشی: تێ ناگه‌ین بۆ هه‌ندێك له‌ میدیا بوونه‌ته‌ لێده‌ری بالۆره‌ی ناحه‌زان و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ زانیاری، زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ گه‌له‌كۆمه‌كێ و بانگه‌شه‌ی خراپ ‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌م ئاراسته‌ میدیایه‌ هیچ كاتێك ئاماده‌ نه‌بوون خۆیان تۆمار بكه‌ن و پابه‌ند بن به‌ قانوونه‌وه‌ چونكه‌ خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌  چونكه‌ نایانه‌وێت ڕووی ڕاسته‌قینه‌یان ئاشكرا ببێت،‌ ئه‌وانه‌ پرۆژه‌ی ئاراسته‌كراون، پرۆژه‌ی سیاسیی نه‌زۆكن و به‌شێكیان پرۆژه‌ی ئاراسته‌كراوی هه‌رێمین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له ‌هه‌گبه‌ی ئه‌واندایه‌ له‌ هه‌گبه‌ی ناحه‌زانی گه‌لی كوردیشدایه‌ و له‌و بارەیە‌وه‌ خه‌ریكی پرۆژه‌یه‌كین بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی میدیا و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ نامۆكان و یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئاشكراكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌و جۆره‌ میدیایانه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌خلاقی سیاسیی هه‌بێت له‌ كوردستان، ئایا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی پێ خۆش بووه‌ به‌ هه‌ر شكستێك له‌ كوردستان له‌ خزمه‌تی كێدایه،‌ خزمه‌تی كێ ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرۆژه‌ ناحه‌زانی كوردستان هیچی تر نییه‌ و زۆر به‌ئاشكرا دیاره‌.”

ڕایشیگه‌یاند: كاری ڕاگه‌یاندن به‌شێكه‌ له‌ پرۆژه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مه‌ ئیلتزامێكی قانوونیشی له‌سه‌ره‌ و ده‌بێت له‌ داهاتوو داواكاری گشتی بێته‌ سه‌رخه‌ت له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه‌ له‌ داهاتوودا سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ فه‌رمی نین و كاری هه‌واڵ و زانیاری ده‌كه‌ن، جیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ده‌زگای فه‌رمی و ناوه‌كان به‌ ئاشكرا ڕاده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وانه‌ی تۆمار كراون و ئه‌وانه‌شی تۆمار نه‌كراون بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك باش، بیان ناسێت، ئه‌و پرۆژانه‌ش له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نیا پرۆژه‌ی ناوخۆ نین پرۆژه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشن.