شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا دەڵێت: بەپێی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، مافی دەنگدانی ھیچ کوردێک لە کەرکووک نافەوتێت، بەوەش دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم ھاووڵاتییانی کوردی شارەکەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر پارێزگارێکی شەرعی بۆ ئەو شارە ھەڵبژێرن. دەشڵێ: ئێستە شاندی کوردستان لە بەغدایە و ھەردوولا ڕێکدەکەون و نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێتەوە.
دوێنێ ٢٨ـی ئادار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی نەوتی ھەرێم گەیشتە بەغدا، شاندەکە پێکھاتووە لە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
*ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تا چەند لە بەرژەوەندی کورد بوو؟
- ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ٢٠٠٣ەوە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی ھاووڵاتییانی شارەکە، ھەروەھا بابەتی دەنگدانی ئاوارەکان و پرسی کەرکووک و کۆتاکان، لە ڕەشنووسی یاساکەدا ستەم لە ئاوارەکان کرابوو، بەڵام توانیمان ڕاستی بکەینەوە و ئەو ستەمە نەھێڵین.
*بۆچی عەرەب و تورکمان دەیانەویست ھەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرێت؟
-عەرەب و تورکمان پڕۆژەیان ھەبوو کە ھەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرێت، تا ئەو کاتەی پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکرێت و سەرۆکوەزیران بە ڕێککەوتن لەگەڵ نوێنەرانی کەرکووک، کاتێکی دیکە بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکات، بەڵام ئەوەمان ڕەتکردەوە و سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧مان وەکو بنەما بۆ ھەڵبژاردنەکە چەسپاند. - پێتوایە دەبێت کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی سنووری ماددەی ١٤٠ چی بکات؟
-لە ئێستەوە دەبێ کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە خۆی بۆ دەنگدان ئامادە بکات، چونکە لەو ڕێگەیەوە ئیدارەی ئەو شارانە دەگۆڕێت، بۆ کەرکووکیش ئەو یاسایە نەما کە دەبێ پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەشێوەی یەکسان لەنێوان پێکھاتەکان بە ڕێژەی ٣٢% دابەشبکرێت، بەپێی یاسای ئێستە پۆستەکان بەشێوەی دادپەروەرانە و بەپێی شایستەی دەنگەکان دابەشدەکرێن، بەوەش ئەگەر کورد لە کەرکووک زۆرینە بێنێت پارێزگار بە دەست دەھێنێتەوە، کە ئێستە بە زۆر کەسێک بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە.
*گفتوگۆیەکانی ھەولێر و بەغدا بەکوێ گەیشتوون؟
- بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی کوردستان و عێراق ھاتووەتە ئاراوە، ئێستە شاندی کوردستان لە بەغدایە، لەسەر مەلەفی نەوت و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن، ھەر دوولا ھاوڕان دەبێت تا یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێت، نەوتی کوردستان ھەناردە بکرێت، بۆیە ھەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن لەو چەند ڕۆژەدا نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە. وەکو کورد تەئکید لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەکەینەوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە وەکو خۆ لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و بودجەی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
*کەواتە پێتوایە ھاوشێوەی بودجە کێشەی نەوتیش چارە دەبێت؟
- ھەولێر و بەغدا ھاوڕان لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە سیاسییەی کە پێشتر لەنێوان لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق کراوە، کە بووە ھۆی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، کێشەی نەوتیش بەھەمان شێوە چارە بکرێت، بە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەو کێشەیەش بەتەواوەتی چارە دەبێت.