بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەسەر کەرکووک و شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەپێنراوە، کورد زیانی گەورەی بەرکەوت، بە تایبەت لە هاوبەشی پێکردنی لە بڕیارە ئیدارییەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگی کورد لەو ناوچانە کە ئەمەیان بەهۆی ئەو یاسایەی پێشووتری هەڵبژاردنەوە بوو کە ڕێگای بە دەنگدەرانی کورد نەدەدا بەپێی ئاماری ساڵانی پێش تەعریب بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بکەن، سەرباری ئەوەش بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە کە ئێستاش درێژەی هەیە زیانێکی زۆر بە ڕێژەی دەنگی کورد دەکەوت، ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەکەی پۆستە ئیدارییەکان لەو شوێنانە دادپەروەری تێدا نەمابوو.
ئێستە، بە پەسەندکردنی یاسای نوێی هەڵبژاردن، کورد جارێکی دیکە دەرفەتی باشی بۆ ڕەخساوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە بەهێزتر دەرکەوێ ئەمەش ڕێگا خۆشکەربێت بۆئەوەی بتوانێت پۆستە ئیدارییەکانی ئەو ناوچانە بگرێتەوە دەست.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دەستکەوتەکانی پەسەندکردنی یاساکە، چەند خاڵێکی باسکردووە، لەوانە؛ هەڵگرتنی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک لەسەر بنەمای یەکسانی 32٪، کە ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆئەوەی هەڵبژاردن ببێتە سەنگی مەحەک لە دابەشکردنی پۆستەکان و ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆئەوەی جارێکی دیکە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێتەوە.
دەستکەوتێکی دیکەی یاساکە، زامنی دەنگی دەنگدەرانی سنووری شارۆچکەی (سەرگەڕان)ە، هەروەها ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لە کەرکووک ڕاگوازرابوون بەپێی مادەی 140 دیسان مافی دەنگدانیان دەبێت. دووبارە پێدانەوەی مافی دەنگدان بەو خێزانانە، دادپەروەری بۆ هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگەڕێنێتەوە و ڕێژەی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان لەو ناوچانە دیار دەکەوێت.
سەرباری ئەمانەش، ماددەی 35 لە یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018 و مادەی 12 لە یاسای ژماره 14ـی ساڵی 2019 هەڵگیران، کە رێگر بوون لە بەردەم هەڵبژاردنی کەرکووک. هەر بەم هۆیەوە، ساڵانێکی زۆربوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە نەچووبوو، ئەمەش وایکردبوو ئیدارەی پارێزگاکە وەک پێویست بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن و جۆرێک لە بێسەروبەری لە ئیدارەدان و تەنانەت بابەتی خزمەتگوزارییەکانیش هەبێت.
گرنگتریش لەمانە، گەرەنتیکردنی دەنگی ئاوارەکانی کەرکووک و شنگال کە دەتوانن لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن. ئەم خاڵە بە تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی گرنگی خۆی هەیە، کە بەهۆی دۆخی شنگالەوە تا ئێستا بەشێکی زۆریان ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمن و لە پێشتریش لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا دەنگی زۆربەیان سووتان بەهۆی ئەوەی بەپێی شوێنی جوگرافیان مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.