چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئاوات جەناب نووری: چاوەڕێین هاوشێوەی بودجە کێشەی نەوتیش چارەسەر بکرێت

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە و ڕایگەیاند چاوەڕوانین لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە سیاسیەی کە پێشتر لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی و حکومەتی عێراق کرا کە بووە هۆی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد، کێشەی نەوتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بکرێت.

لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، ستایشی هەنگاوەکانی وەزیری دارایی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و بەغدا، بەتایبەت بەشە بودجەی هەرێم و یاسای نەوت و غاز کە هەنگاوی باشی بڕیوە.

کونسوڵی کۆریا لە هەرێمی کوردستان بەڵێنی دا چۆن لە ڕابردودا هاوکار و پشتیوانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و چەندین پرۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە، لەداهاتوشدا هاوکاری و هەماهەنگیەکانیان زیاتر دەکەن، هەروەک هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی بۆی دانراوە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی بە پێویستی زانی کۆریای باشوور وەک دۆستێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری وردەکاری کێشەکان بێت و هەوڵ و فشارە دبلۆماسیەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هیواشی خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕەزامەندی و کۆدەنگی هەموو لایەنەکان لەوادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت و ئامادەیی وەزارەتی دارایشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دوپات کردەوە.