ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و یونیسێف، بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی/ نووسینگەی كاروبارە مرۆییەكان، شوێنی گریمانەیی ئارام (لاهە)یان خستە گەڕ بۆ ئافرەتان و كچان لە هەرێمی كوردستان.
ئەم پلاتفۆرمە دەرفەتێكە بۆ دەستەبەركردنی سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی بۆ ژنان و كچان، لە نێویاندا ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، تاوەكو بە شێوەیەكی سەلامەت و گونجاو لە رووی كەلتورییەوە، دەستیان بە زانیاری و پشتگیری و خزمەتگوزارییەكان بگات؛ تەنانەت كاتێك كە ناتوانن بگەنە شوێنێكی راستەقینەی سەلامەت.
لە رێورەسمی خستنەگەڕەكەدا، گوتاری رێكخراوە بەشداربووان و مەڵتیمیدیای پلاتفۆرمەكە پێشكەش كران و دەرئەنجامەكانی ڕاپرسیەکەی سەكۆی یو-ریپۆرت (U-Report) تایبەت بە یونیسێف لەسەر دۆخی ژنان و كچان خرانە ڕوو.
ئەدیل خوچر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا رایگەیاند ”دەستەبەركردنی پانتاییەكی راستەقینەی سەلامەت بۆتە شادەماری ژیان بۆ زۆرێك لە كچان و ئافرەتان لە سەرتانسەری جیهاندا، كە ئەمەش بواریان بۆ دەڕەخسێنێت كە دەستیان بە ئامۆژگاری تەندروستی دەروونی و جەستەیی بگات و هاوكاریان دەبێت لە بواری پەیوەندی و كۆمەڵێك خزمەتگوزاری و پاڵپشتی بۆ برەودان بە خۆڕاگرییان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “لەم سەردەمەدا كە بە سەردەمی تەكنەلۆژیا دەناسرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی هاوبەشەكانیەوە، هەوڵی باشی داوە بۆ بە دیجیتاڵكردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش بە ئافرەتان دەكرێ. بۆیە لێرە كۆ بووینەتەوە بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی دیكەی گرنگ بە هاوكاریی یونیسێف و بە پشتگیریی ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كە ئەویش بریتییە لە راگەیاندنی پلاتفۆرمێكی ئارامی تایبەت بە ئافرەتان بە شێوازی ئەلیكترۆنی كە تێیدا ئافرەتان دەتوانن دەستیان بە زانیاری تایبەت لە بوارەكانی تەندروستی و خۆپاراستن و یاسایی و جۆرەها خزمەتگوزاریی تر بگات.