چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەنجومەنی باڵای فەتوای ڕێژەی سەرفیترە و زەکات و فیدیە دیاریکرد

ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بڕیاری لە رێژە و ئەندازەی زەکات و سەرفیترە و فیدیەی رۆژووی مانگی رەمەزان دا.
بەپێی راگەیاندراوێكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان هاتووە: “لەکۆبوونەوەکەدا دوای دیراسەو هەلسەنگاندن و شرۆڤەی وردی پرسی دیاریکردنی رێژەی زەکات و سەرفیترەو فیدیە لە چوارچێوەی بنەماکانی شەریعەت و رێساکانی فیقهی ئیسلامی و بەراوردکردنی بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەر چاوگرتنی دۆخی ئێستای کۆمەڵگەو موسڵمانان، پاڵپشت بە بەڵگەی دروست و زانستی رێژە و ئەندازەی زەکات و سەرفیترە و فیدیەی دیاری کرد:
ئاماژە بەوەش كراوە رێژەو ئەندازەی زەکات و سەرفیترە و فیدیە بەم شێوەیە دەبێت:
یه‌كه‌م: ڕێژه‌ی سه‌رفیتره‌ بۆهه‌ر كه‌سێك له‌ ئه‌مساڵدا به‌لایه‌نی كه‌م (3.500) سێ هه‌زار و پێنج سه‌د دینار ده‌بێت.
دووه‌م: ئه‌ندازه‌ی فیدیه‌ی به‌ڕۆژوو نه‌بوون بۆ هه‌ر ڕۆژێك (3.500) سێ هه‌زار و پێنج سه‌د دینار ده‌بێت.
سێیه‌م: ئه‌ندازه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی زه‌كاتی تیادا واجب ده‌بێت (نیصابی زه‌كات) بریتییه‌ له‌ (7,200,000) حه‌وت ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار دینار، واته‌: هه‌ركه‌سێك (حه‌وت ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار دیناری عێڕاقی )هه‌بێت و، ساڵی به‌سه‌ردا سوڕابێته‌وه‌، واجبه‌ بۆهه‌ر ملیۆنێك بیست و پێنج هه‌زار دیناری عێڕاقی به‌زه‌كات بدات به‌ هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌تان.