بەشەخۆراکی تازە دابەش دەکرێت

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “هەموو ماددە خۆراکییەکان هاتوون و دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی سێ کراوە.”

بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.

دەربارەی ئەو چوار ماددە خۆراکییەی بۆ ڕەمەزان بڕیاری لێ دراوە، گوتی: “بۆ چوار ماددە خۆراکییەکەی ڕەمەزان، بەشێک لە ئاردی سفر و شەعرییە و ئاردی نیشاستە هاتووە، هێشتا هێلکە نەهاتووە چاوەڕێ دەکەین هەموویان بگات و بە یەکجار دابەشی سەر بریکارەکانی خۆراک بکرێت.”

ئەو چوار ماددەیەی بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان زیاد كراوە، نیوكیلۆ ئاردی گەنمەشامی (نیشاستە) و یەك كیلۆ شەعرییە و پێنج كیلۆگرام ئاردی سفر و یەك تەبەق هێلكە بۆ هەر خێزانێكە.

نەوزاد شێخ كامیل جەختی کردەوە، لە کاتێکی نزیکدا ئەو چوار ماددە زیادکراوەی خۆراک دابەش دەکرێت.

لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی كوردستان پێنج بەشەئارد و 11 بەشەخۆراک دابەش كراوە.