کەرتی کشتوڵی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی هەموو عێراق پڕبکاتەوە

ئەمڕۆ دووشەمە (27ـی ئادار/مارسی 2023)، رزگار محەممەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاند: “پێدانی شایستە داراییەکان بە جووتیاران بەردەوامە، بەتایبەتی ساڵانی 2015، 2016 و 2017، و دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی رەوانەکرد، هەروەها بانکەکانی هەرێم دەستیان کردووە بە پێدانی چەکی پارە بە جووتیاران بە تایبەت ساڵانی 2015 و 2016. لەکاتێکدا پێشتر شایستە داراییەکانی ساڵانی 2017 تا 2020 دابەشکراوە”.

راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق قسەکراوە سەبارەت بە کردنەوەی سایلۆکان لە کاتی دەستپێکردنی دروێنەکردن لە هەرێم و چارەسەری ئەو کێشانەی دێتە بەردەم وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، و زیاتر گوتی، “ئێمە گەشبینین بە داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پرسی خۆراک، کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردن و سەیرکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق بە یەک چاو، بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک لە عێراق”.

هەروەها رزگار محەممەد خدر روونیکردەوە، سەبەتەی خۆراکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پڕبکاتەوە، بەهۆی دوو خاڵی سەرەکی، یەکەمیان وەرزە جیاوازەکانمان بەتایبەت وەرزی زستان و پایز، دووەمیش پلەکانی گەرما و بارودۆخی کەشوهەوا کە گونجاوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەشبینی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بەو ئەنجامەی کە سەیری کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە سەروەری عێراق بکرێت