سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن:ڕێکارەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستی پێکردووە

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و پەرلەمانتاری پێکھاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: ڕێکارەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەستی پێکردووە و دەمانەوێت لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بکرێت. دەشڵێ: نامانەوێت حیزبێک لە جیاتی پێکھاتەکان قسە بکات و خۆمان بڕیار دەدەین چۆن بەشداریی پرۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردن لە کوردستان دەکەین، لەگەڵ ئەوەی ھیچ کاتێک نەبووینە گرفت لە بەردەم ھەڵبژاردن.

بڕیار بوو ١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، نەتواندرا لەو وادەیەدا ھەڵبژاردن بکرێت. ئێستە لایەنەکان نیمچە کۆدەنگییان ھەیە بۆ ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و لەسەر بەشێکی زۆری خاڵە ناکۆکەکانی پێشوو ڕێککەوتوون، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی.
ئەو خاڵانەی حیزب و لایەنەکانی کوردستان لەسەری ڕێککەوتوون ئەوەیە: ھەرێمی کوردستان بکرێت بە چوار بازنەی ھەڵبژاردن، ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە، واتە پەنجا لەسەدی دەنگدەر دەنگ بە لیستەکە دەدەن و ئەوانی دیکەش بە کاندیدەکان، یاساکەش لەسەر ئەو بنەمایە ھەموار بکرێتەوە. ھەروەھا خاڵێکی تر بریتی بوو لەوەی کە داتای بەشی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق تۆماری دەنگدەران پەیڕەو بکرێت و بە کارتی بایۆمەتریی دوایین ھەڵبژاردنی عێراق دەنگدەران بەشداری دەنگدان بکەن. پێویستە کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە لەسەر ئەو ھەیکەلیەتەی ئێستە ھەیە، بە مەرجێک لایەنەکان بۆیان ھەبێ ئاڵوگۆڕ بە نوێنەرەکانیان بکەن لەو ھەیکەلیەتەدا و ئەو جێگایانەی کە بەتاڵن پڕ بکرێنەوە بە کەسانی تر.
*ئێوە وەکو پێکھاتەکان داوای چی دەکەن؟
-لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبووینەوە، کۆبوونەوەکەش زۆر باش بوو، ھەموو پێکھاتەکان لەگەڵ ئەوەبوون ھەڵبژاردن بۆ پێکھاتەکان یەک بازنەیی بێت، نەک فرە بازنەیی، لەبەر ئەوەی لە ھەندێک شوێن تورکمان یان پێکھاتەکانی دیکەی ھەر لێ نییە کەواتە ناکرێت لەو شوێنانە فرە بازنەیی بێت کە تورکمان یان پێکهاتەی دیکەی لێ نەبن، چونکە دەنگەکانمان بە فیڕۆ دەچێت؛ بۆیە، ھەموو پێکھاتەکان لەگەڵ ئەوە بوون بۆ ئەوان ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەھیچ شێوەیەک ڕازی نابین لایەنێکی دیکە لە جیاتی پێکھاتەکان قسە بکات. دابەشکردنی کورسییەکان بە یاسا رێکخراوە، بۆیە نامانەوێت حیزبێک لە جیاتی پێکھاتەکان قسە بکات و خۆمان بڕیار دەدەین چۆن بەشداریی پرۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردن لە کوردستان دەکەین و کەس بۆی نییە لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات.

*هەنگاوەکانی کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن دەستی پێ کردووە؟
-لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکھێنراوە، منیش ئەندامم لەو لیژنەیە، دوای ئەوەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر پرسی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لێک تێگەیشتن پەیدا بوو، لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکھێنراوە بۆ ئەوەی کار بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بکرێت و لیژنەکە سیڤیی ئەو کەسانە وەردەگرێت کە دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیاران. کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی پێشووی لایەنە سیاسییەکان دەبێت، پڕکردنەوەی شوێنی کۆمسیاران تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە شوێنیان چۆڵە و ئێستە سەیاح کوورەچی و جوتیار عادل لە شوێنی خۆیان نەماون و دوو ئەندامی دیکە دەست بە کار دەبن، بۆیە ڕێکارەکان بۆ وەرگرتنی سیڤی دەستی پێ کردووە و ئەو کەسانەی مەرجیان تێدایە دەتوانن سیڤی پێشکەش بکەن.

*بۆچی هەڵبژاردن دواخرا؟
-ئەو لایەنانەی کە داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان کرد ترسیان لە کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانیان بوو، دواخستنی ھەڵبژاردن لەڕووی یاساییەوە باش نییە بۆ قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە وەکو پێکھاتەکان لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن لە وادەی دیاری کراوی خۆی، کە سەرۆکی هەرێم دیاری کردووە بکرێت، وە هیچ لایەنێک پێکھاتەکان نەکەنە بەھانە و گرفتی هەڵبژاردن.