ئینتیفاز قه‌مبه‌ر سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئه‌لموسته‌قبه‌ل: له‌ دۆسییه‌ی نه‌وت و غازدا حكومه‌تی هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌ی كردووه‌

له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئه‌لموسته‌قبه‌ل رایده‌گه‌یه‌نێت، شكستی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژییه‌.

ئینتیفاز قه‌مبه‌ر سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئه‌لموسته‌قبه‌ل، له‌ واشنتنه‌وه‌ راگه‌یاند، تا ئێستا به‌غدا نه‌یتوانیووه‌ یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربكات، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان یاسای نه‌وت و غازی هه‌یه‌.
قه‌مبه‌ر هه‌روه‌ها گوتی: “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆسییه‌ی نه‌وت و غازدا به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌ی كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق خۆی شكستی هێناوه‌، كه‌ له‌و ماوه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌بێت”.
ده‌شڵێت: “هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت نه‌وتی خۆی هه‌نارده‌ بكات و بابه‌تێكی یاساییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌مه‌ی نه‌وێت، ئه‌مه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌”.
هه‌روه‌ها گوتیشی: “ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌ك نییه‌ له‌نێوان هه‌ولێر به‌غدا، ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئێرانه‌ و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر به‌غدا و تا گوشار بخاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان”.
له‌باره‌ی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
دوێنێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه‌ کۆبوونەوە.