محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود:ئەگەر خۆمان یەکبین هیچ هێزێک ناتوانێت کارمان لێبکات

سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، هیچ کەسێک خێری بە هەرێمی کوردستان نەکردووە و لەسەر سینییەکی زێڕین ئەم قەوارەیە پێشکەش بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵکو قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و فرمێسکی خەڵکەکەیەتی.

دوێنێ، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەوەی دڵی خۆش بێت دووژمنان سەرکەون بەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، گومانم هەیە لە باوکێکی کوردبێت.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کورد هەموو ئەو بڕیارانەی لەدژی دەدرێت رەتی بکاتەوە، هەروەک چۆن لە رابردوودا، چەندین رێککەوتن و پەیماننامە لەدژی کورد واژووکرا کە ئامانج لێیان “سەربڕین و لەناوبردنی کورد بووە”، بەڵام کورد لە خەباتی خۆی بەردەوام بووە و پرسی بە هیچ لایەنێک نەکردووە بۆ ئەنجامدانی شۆڕش و خۆی مافەکانی بەدەستهێناوە.
سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان باسی لە بەردەوامبوون لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە وەک مافێکی نەتەوەیی و دەستووری خۆی و داواشی لە دەزگا و نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەئاست هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بێدەنگ نەبن و وەڵامیان هەبێت.
لە بەشیكی دیکەی قسەکانیدا، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گرنگی یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانەی رووبەڕووی دەبێتەوە کردەوە و رایگەیاند، “ئەگەر لەناوخۆ خۆمان یەکبین، هیچ هێزێک ناتوانێت کارمانتێبکات”.