قۆرخکاریی لە بازاڕەکانی هەرێم تا ئاستێکی باش کەمکراوەتەوە

لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، لیژنەکانی چاودێری بۆ کۆنترۆڵی کواڵێتی و نرخی خواردەمەنییەکان لە شار و شارۆچکەکان دەستبەکاربوون، ھەر شوێنێک شت گران بفرۆشێت، پسوولەی سەرپێچیکردنی بۆ دەردەکەن، ئەگەر بەرھەمەکانیشیان زۆر گران فرۆشتبێت شوێنەکەیان دادەخەن.

لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، نرخی شتومەک گران نەبووە. بە دەیان لیژنە بۆ چاودێریکردنی نرخ لە بازاڕ پێکھێنراون. پارێزگاری ھەولێریش، ڕایدەگەیەنێت، تیمەکانی چاودێری بازاڕ ڕێگە بە فرۆشتنی کاڵای بەسەرچوو نادەن و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە نرخی کاڵاکان بەھۆی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بەرزدەکەنەوە. بەرپرسێکیش، دەڵێت: خۆراک لە کۆگاکان زۆرە و ھیچ مەترسییەک لەسەر نییە و ھەوڵدەدەین نرخی خۆراک ڕۆژبەرۆژیش ھەرزانتر بکەین.
زەکی سەعید، زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بازاڕ سەرقاڵی فرۆشتنی بەرھەمە خۆراکیەکانە، دەڵێت: بەراورد بە ھەفتەی رابردوو نرخی بەرھەمە خۆراکییەکان بەرز نەبۆتەوە. دەشڵێ: ئەگەر نرخی دۆلار جێگیر بێت، نرخی کەلوپەل ھەرزانتر دەبێت، نەک گرانتر.
لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتییەکانی شار و شارۆچکەکان بەردەوام لە بازاڕدا چاودێری دۆخەکە دەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن لە ھەر شوێنێک خۆراکی کواڵێتی خراپ یان گرانیان بینی، پەیوەندییان پێوە بکەن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر، ڕایگەیاند: قایمقامیەت چەندین لیژنەی ھەیە ڕۆژانە سەردانی شوێنەکان دەکەن، ھیچ شتێک گران نەبووە، ھەر شتێکیش بەبێ ھۆکار گران بکرێت، خاوەنەکەی سزا دەدرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، دەشڵێ: ھەموو ئەو شەربەتە ڕەنگاوڕەنگانەی لە ھەولێر دەفرۆشرێت، ترشیات و شیرینی، ھەموو ئەوانە لیژنەکانمان شوێنەکانیان دەپشکنن، بە نموونە ئەو شەربەتە ڕەنگاوڕەنگانە دەبێت ڕەزامەندی تەندروستیان وەرگرتبێت ئینجا بفرۆشرێت بە پێچەوانەوە سزادەدرێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند: لە ھەر شوێنێک کاڵای ماوەبەسەرچوو ھەبێت، تیمەکانی چاودێری بازاڕ دەستی بەسەردا دەگرن.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: ھەر کاتێک داواکاری لەسەر کاڵا زیاتر بێت، نرخ بەرز دەبێتەوە، دووبارە لە رێگەی تیمەکانی چاودێری بازاڕ، چاودێری نرخ دەکرێت، دڵنیایی لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخیش بە هاووڵاتیان دەدات.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەردەوام خۆراک و کەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، کۆگاکان پڕن لە خۆراک، بۆیە پێویست ناکات خەڵک خۆی توشی دڵەڕاوکێ بکات و ھیچ کەموکوڕیمان نییە.