فازڵ میرانی: ئەوانەی کە دەڵێن هیچ بۆ هەرێمی کوردستان نەکراوە، “ناحەز و نەیاری” ناوخۆ و دەرەوەن

ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی فەرماندە محەممەد خالید بوسەلی لە شاری زاخۆ رایگەیاند، راست نییە کە دەگوترێت لەڕووی ئاوەدانییەوە هیچ بۆ هەرێمی کوردستان نەکراوە، “زۆر شت کراوە و دەبێت شتی زیاتریش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە شایەنی ئەو چەندەن”.

فازڵ میرانی پێیوایە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ بۆ هەڕیمی کوردستان نەکراوە، “ناحەز و نەیارانی” ناوخۆ و دەرەوەن و “چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت”.

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی شاری زاخۆی وەکو نموونەی شارێکی ئاوەدانکراوی هەرێمی کوردستانی نایەوە، “کاتێک لە ساڵی نۆوەتەکان بارەگەکەمان لە زاخۆ بوو، ئەم شارە ئاوا پێشکەوتوو نەبوو، ئێستا دەبینین زۆر پێشکەوتووە و ئاوەدانکراوە. ئەمە جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە، بەڵام دەبێت خزمەتی زیاتری ئەم شارە بکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا میرانی جەختی لەوە کردەوە، “سەدانی وەکو محەممەد خالید بوسەلی خۆیان کردووەتە قوربانی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان”، بۆ ئەوەی گەلی کورد بە ئازادی و سەرفەرازی بژیت، بۆیە دەبێت ئێستا بەشێوەیەکی زۆر باش خزمەتی بکرێت